گلەییان لە عیراق هەیە
شەش وڵاتی عەرەبی هۆشداری توند دەدەنە ئێران
وریا فەتاح
هەریەکە لە وڵاتانی (کوێت، ئیمارات، بەحرەین، سعودیە، قەتەر و ئوردن) لە بەیاننامەیەکی هاوبەشدا، بە توندترین شێوە سەرکۆنەی هێرش و دەستدرێژییەکانی ئێرانیان کرد بۆ سەر سەروەری و ئاسایشی وڵاتانی ناوچەکە و پەیامێکیش دەدەن بە عێراق.
لەم بەیاننامەیەدا کە لەلایەن وەزارەتی دەرەوەی کوێت بڵاوکراوەتەوە، هاتووە: “ئەو هێرشانەی کە راستەوخۆ لەلایەن ئێرانەوە یان لە رێگەی بریکار و گروپە چەکدارە پاشکۆکانی ئەنجام دەدرێن، پێشێلکارییەکی ئاشکرای یاسا نێودەوڵەتییەکان و میساقی نەتەوە یەکگرتووەکانن.”
وڵاتانی واژۆکەر بە تایبەتی ئاماژەیان بەو هێرشانە کردووە کە لە ناو خاکی عێراقەوە لەلایەن “میلیشیا چەکدارەکان”ـەوە دەکرێنە سەر وڵاتانی دراوسێ. هەربۆیە داوا لە حکومەتی عێراق کراوە کە رێکاری پێویست و دەستبەجێ بگرێتەبەر بۆ راگرتنی ئەو هێرشانە، بە مەبەستی پاراستنی پەیوەندییە برایانەکان و رێگریکردن لە گرژی زیاتر.