25 بەنداوەکەى
حەوت پرسیار و حەوت وەڵام لەبارەى بەنداوەکانەوە
وریا فەتاح
وەرزى بارانبارینە و رۆژانە ئاوێکى زۆر دەڕژێنە ناو بەنداوەکانى هەرێمى کوردستانەوە، لێرەدا وەڵامى حەوت پرسیار لە بارەى دۆخى بەنداوەکان و ئەو ئاوەى گلدراوەتەوە، وەڵام دەدرێنەوە.
یەکەم. چەند بەنداو لە هەرێمی کوردستان هەن؟
وەڵام: 25 بەنداو. سێ بەنداوە گەورەکە (دوکان، دەربەندیخان، دهۆک)، لەگەڵ 20 بەنداوی بچووک و هەردوو بەنداوی (گۆمەسپان و بەستۆرە) کە ئێستا لە ژێر جێبەجێکردندان.
دووەم. گەورەترین بەنداوی هەرێم کامەیە و دۆخی چۆنە؟
وەڵام: بەنداوی دوکان گەورەترینە، کە لە ئێستادا نزیکەی 50%ی ئاوی تێدایە.
سێیەم. توانای گشتی گلدانەوەی هەموو بەنداوەکان چەندە؟
وەڵام: هەموو بەنداوەکان پێکەوە توانای گلدانەوەی 9.54 ملیار مەتر سێجا ئاویان هەیە.
چوارەم. لە ئێستادا چەند ئاو لەناو هەموو بەنداوەکاندا هەیە؟
وەڵام: هەموو بەنداوەکان 5.6269 مەتر سێجا ئاویان تێدایە. (ئەگەر ئەم بڕە ئاوە هەمووی بکرێتە ناو بەنداوی دوکان، هێشتا زیاتر لە یەک ملیار مەترسێجاى تری پێویستە تا پڕ بێت).
پێنجەم. چەند بەنداو کارەبا بەرهەمدەهێنن و بڕەکەی چەندە؟
وەڵام: تەنها دوو بەنداو کارەبا بەرهەمدەهێنن (دوکان و دەربەندیخان)، کە لە ئێستادا بە هەردوکیان 204 مێگاوات، بەرهەمیانە.
شەشەم. رۆژانە چەند ئاو دێتە ناو بەنداوەکان و چەندیان لێ دەڕژێت؟
وەڵام: ڕۆژانە بڕی 246 ملیۆن مەتر سێجا ئاو دێتە ناو بەنداوەکانەوە و تەنیا 54 ملیۆن مەتر سێجا ئاویان لێ دەڕژێت.
حەوتەم: پوختەى هەموو ئەمانە چیمان پێدەڵێت؟
پێمان دەڵێت، 59%ی کۆی گشتی توانای بەنداوەکان پڕبووە و 41%ی بەتاڵە و وەک بۆشایی ماوەتەوە.
کۆى هەموو ئەو وڵامانە، بۆ ئامارى دۆخى بەنداوەکانن لە رۆژى 24.3.2026 و رۆژانە بەردەوام گۆڕانکارى لە ژمارەکان روودەدەن.