لە دوێنێوە هەر مسقاڵێک چەندى لێبووەتەوە؟
گەرووى هورمز؛ نرخى نەوتى بەرز کردەوە و زێڕى دابەزاند
ئەحمەد شەمزین – هەولێر
بەهۆی لێکەوتەکانی داخستنی گەروی هورمز و بەرزبوونەوەی نرخی نەوت، نرخی زێڕ لە بازاڕەکان رووی لە دابەزین کردووە، ئەوەش پێچەوانەى نەوتە کە نرخەکەى زۆر بەرز بووەتەوە.
هەندرێن عەبدولرەحمان وەرتی سەرۆکی سەندیکای زێڕنگرانی لقی هەولێر بە 964ـى وت، لە ماوەی 24 کاتژمێری رابردوودا، بەهای زێڕ دابەزینێکی بەرچاوی بەخۆیەوە بینیوە و نرخی مسقاڵێک زێڕی عەیار 21 نزیکەی 56 هەزار دینار لە بەهاکەی لەدەستداوە.
سەرۆکی سەندیکای زێڕنگران ئاماژەی بەوەشکرد، گۆڕانکارییەکانی بازاڕ پەیوەندییەکی راستەوخۆیان بە نرخی نەوتەوە هەیە و وتی: “هەر ئەگەرێکی دانوستان و دابەزینی نرخی نەوت کاریگەری پێچەوانەی دەبێت و دەبێتە هۆکار بۆ بەرزبوونەوەی نرخی زێڕ و زیو”.
ئەوەشی خستەڕوو کە لێدوانە سیاسی و ئابوورییەکان کاریگەریی خێرایان لەسەر بەهای زێڕ و زیو داناوە، بە جۆرێک نرخی ئۆنسەی زیو لە 65 دۆلارەوە بۆ 61 دۆلار دابەزیوە.
نرخی زێڕ لە بازاڕەکانی هەولێر بۆ ئەمڕۆ دووشەممە 23-03-2026 (بەپێی نرخی سەندیکا – دۆلار بە 154,750 دینارە):
(یەک ئۆنسی زێڕ = 4225 دۆلار)
مسقاڵێک زێڕی عەیار 22: 975,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 21: 930,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 18: 797,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 14: 620,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 12: 530,000 دینار
مسقاڵێک زێڕی عەیار 9: 400,000 دینارئەوەش لە کاتێکدایە، نرخی زێڕ لە رۆژی 21-03-2026 بە ئۆنسی 4492 دۆلار و دۆلار بە 155,000 دینار بوو، کە تێیدا مسقاڵێک زێڕى عەیار 21 بە 986,000 دینار دەفرۆشرا.
هەرچى نەوتە، یەک بەرمیلى جۆرى برێنت، بۆ ئەمڕۆ لەسەرووى 101 دۆلارەوە مامەڵەى پێوە دەکرێت، لە کاتێکدا پێش جەنگى هاوپەیمانێتى ئیسرائیل و ئەمریکا لە دژى ئێران، لە دەورووبەرى 65 دۆلار دەخولایەوە.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح