فرۆکەیەکى هێڵى ئاسمانى عێراقى...وێنە: ئاژانسى هەواڵى عێراقى
بەهۆى جەنگەوە
عێراق داخستنی ئاسمانی وڵاتەکەی بۆ 72 کاتژمێری دیکە درێژکردەوە
وریا فەتاح
دەسەڵاتی فڕۆکەوانیی مەدەنیی عێراق، ئەمڕۆ یەکشەممە، بڕیاریدا بە درێژکردنەوەی داخستنی ئاسمانی وڵات بەڕووی سەرجەم گەشتە هاتوو، چوو و تێپەڕبووەکاندا بۆ ماوەی 72 کاتژمێری دیکە.
دەسەڵاتى فڕۆکەوانیى مەدەنى عێراق لە بەیاننامەیەکدا دەڵیت، “بڕیاردرا بە درێژکردنەوەی داخستنی ئاسمانی عێراق بەڕووی سەرجەم فڕۆکەکاندا بۆ ماوەی (72) کاتژمێر، کە لە کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی ئەمڕۆ یەکشەممە 22ی ئازاری 2026ـەوە دەستپێدەکات تاوەکو کاتژمێر 12:00ی نیوەڕۆی رۆژی چوارشەممە، وەک رێکارێکی خۆپارێزی کاتی.”
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوە کراوە کە ئەم بڕیارە لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی بەردەوامی دۆخی ئەمنی و پەرەسەندنە ناوچەییەکان دراوە، و بەگوێرەی پێشهاتە نوێیەکانیش جارێکی دیکە هەڵسەنگاندن بۆ بڕیارەکە دەکرێتەوە.
لە 28ـى شوبات و لەگەڵ دەستپێکردنى جەنگ، ئاسمانى عێراق بەڕووى گەشتە ئاسمانییە مەدەنییەکاندا داخرا و تائێستا بەردەوامى هەیە و هەر سێ رۆژ جارێکیش، داخستنەکە درێژ دەکرێتەوە.