وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر
ئاژانسی نێودەوڵەتی رایگەیاند
تەنێک بەر وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر کەوت
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی ئەمڕۆ چوارشەممە رایگەیاند، ئێوارەی دوێنێ سێشەممە تەنێکی هاوشێوەی پارچە مووشەک لە نزیک وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر لە ئێران کەوتووەتە خوارەوە و لەلایەن ئێرانەوە ئاگادار کراونەتەوە.
ئاژانسەکە لە رێگەی پلاتفۆرمی X ی خۆیەوە بڵاویکردەوە، پاشماوەی تەنێکی هاوشێوەی پارچە مووشەک و درۆن بەر بینای وێستگەی ئەتۆمیی بوشەهر کەوتووە، پشتڕاستیش کراوەتەوە هیچ زیانێکی گیانی و ماددەی نەبووە و زیان بەر دامەزراوەکەش نەکەوتووە.
لە پێشهاتێکی پەیوەندیداردا، رافایل گرۆسی، بەڕێوەبەری گشتیی ئاژانسی نێودەوڵەتیی وزەی ئەتۆمی، داوای دانبەخۆداگرتنی کردووە و دووپاتی کردەوە و هۆشداریشی دا لە مەترسییەکانی رووداوی ئەتۆمی.
ئەم پێشهاتە دوای بەرفراوانبوونی هێرشە سەربازییەکانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل و ئێران دێت لە ناوچەکەدا، کە ئەمریکا و ئیسرائیل لە 28ی شوباتەوە هێرشیان بۆ سەر ئامانجەکانی ناو خاکی ئێران دەستپێکردووە و لە ئەنجامدا وێرانکاری و زیانی گیانی بەرچاوی لێکەوتووەتەوە، هەروەها کوژرانی عەلی خامنەیی رێبەری ئێران و عەلی لاریجانی ئەمینداری ئەنجومەنی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی و ژمارەیەکی زۆری بەرپرسانی سەربازی و ئەمنیی ئێرانی بەدواداهاتووە.
لە بەرامبەردا ئێرانیش هێرشی تۆڵەسەندنەوەی ئەنجامداوە بۆ خاکی ئیسرائیل و دامەزراوە سەربازییەکانی ئەمریکای لە ناوچەکە کردووەتە ئامانج و هێرشی کردووەتە سەر هەموو وڵاتانی دەوروبەری.