عەبدولەتیف جەمال رەشید، سەرۆك كۆماری عێراق
ئیدانەیان دەکات
سەرۆکایەتیی کۆمار: هێرشەکانی سەر هەولێر و سلێمانی هەڕەشەن بۆ سەر سەقامگیریی عێراق
964+
وریا فەتاح
سەرۆکایەتیی کۆماری عێراق بەیاننامەیەکی بڵاوکردەوە و تێیدا بە توندی سەرکۆنەی ئەو هێرش و بۆردومانانەی کرد کە کراونەتە سەر ناوەندە مەدەنی و ئەمنییەکانی ناوچە جیاوازەکانی عێراق، بەتایبەتی شارەکانی هەولێر و سلێمانی لە هەرێمی کوردستان.
لە راگەیەندراوەکەدا هاتووە، ئەو پەلامارە “ناڕەوایانە” هەڕەشەیەکی جددین بۆ سەر ئاسایش و سەقامگیریی عێراق و ناوچەکە بەگشتی. سەرۆکایەتیی کۆمار داواش دەکات دەستبەجێ کۆتایی بەو هێرشانە بهێندرێت و کێشەکان لە رێگەی گفتوگۆ و چارەسەری سیاسی و دیپلۆماسییەوە یەکلایی بکرێنەوە.
لە بەشێکی دیکەی بەیاننامەکەدا، جەخت لە گرنگیی پاراستنی یەکڕیزیی نیشتمانی و هاریکاریی نێوان حکومەتی فیدراڵی و حکومەتی هەرێمی کوردستان کراوەتەوە بۆ تێپەڕاندنی ئەم قۆناغە سەختە. هەروەها دەستخۆشی لە سەرجەم هێزە ئەمنییەکان کراوە کە بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە ئەرکی پاراستنی سەروەری و یەکپارچەیی خاکی عێراق جێبەجێ دەکەن.
لە کۆتاییدا سەرۆکایەتیی کۆمار پرسە و هاوخەمیی خۆی ئاراستەی کەسوکاری ئەو شەهیدانە کردووە کە لە هەرێمی کوردستان و پارێزگاکانی دیکەی عێراق بەهۆی ئەم دۆخە نائاساییەوە بوونەتە قوربانی، و هیوای چاکبوونەوەی خێرای بۆ بریندارەکانیش خواستووە.