لە شەش رۆژی یەکەم 11.3 ملیار دۆلاری تێچووە
ئیدارەی ترەمپ تێچوی شەڕی ئێران ئاشكرا دهكات و داواش دەکات تاوەکو 50 ملیار زیادبکرێت
964+
فەرهاد حەسەن
میدیاکانی ئەمریکا بڵاویانکردەوە، کاربەدەستانی ئیدارەی دۆناڵد ترهمپ سەرۆکی ئەمریکا لەم هەفتەیەدا بە کۆنگرێسیان راگەیاندوە کە شەش رۆژی یەکەمی شەڕ لەگەڵ ئێران لانیکەم 11.3 ملیار دۆلاری ئەمریکی تێچووە، چاوهڕوان دهكرێت داوای پارهی زیاتر له كۆنگرێس بكرێت و رهنگه بگاته 50 ملیار دۆلار.
ئەو بەرپرسانە لە دانیشتنێکی داخراودا لەگەڵ سیناتۆرەکان ئاشکرایان كرد، کە چەندین یاریدەدەری کۆنگرێس پێشبینی دەکەن بەمزوانە کۆشکی سپی داوای بودجەی زیاتر بۆ شەڕەکە لە کۆنگرێس بکات، هەندێک لە بەرپرسان دەڵێن داواکارییەکە دەتوانێت بگاتە 50 ملیار دۆلار، هەندێکی دیکەش دەڵێن کە پێدەچێت ئەو خەمڵاندنە کەم بێت.
ئیدارەی ئهمریكا هەڵسەنگاندنێکی گشتی بۆ تێچوی ململانێکان و بیرۆکەیەکی روونی سەبارەت بە ماوەی چاوەڕوانکراوی نەخستوەتەڕوو، بهڵام دۆناڵد ترەمپ لە سەردانەکەیدا بۆ ویلایەتی کێنتاکیی رایگەیاند، “ئێمە سەرکەوتوین” لە شەڕەکەدا، بەڵام ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە تەواوکردنی ئەو کارە.
هەڵمەتی دژ بە ئێران لە 28.2.2026 بە هێرشە ئاسمانییەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل دەستیپێکرد و تاوهكو ئێستا نزیکەی دوو هەزار کەسی کوشتووە کە زۆربەیان ئێرانی و لوبنانین و ململانێکان رژاوەتە ناو لوبنان و پشێوی لە بازاڕەکانی وزە و گواستنەوەی جیهانیدا دروستکردووە.
بەرپرسانی ئیدارەی ئەمریکاش یاسادانەرانیان ئاگادارکردوهتەوە کە لە دوو رۆژی یەکەمی هێرشەکاندا بە بەهای 5.6 ملیار دۆلار تەقەمەنی بەکارهێندراوە.