دوو هەزار و 585 پارچە زەوی لە شەقڵاوە دابەشکرا
شەقڵاوە
دوو هەزار و 585 پارچە زەوی دابەشکرا
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە یادی ئازادكردنی قەزای شه‌قڵاوه لە راپەڕینی بەهاری 1991، بە شێوازی تیروپشک دوو هەزار و 585 پارچە زەوی لە سنووری سەرۆکایەتیی شارەوانیی شەقڵاوە بۆ فەرمانبەرانی راژەی شارستانی و پێشمەرگە و ئاسایش دابەش کرا.
لە رێوڕەسمی دابەشکردنەکەدا، کە ئەمڕۆ دووشەممە 9.3.2028 بوو، هەریەکە لە وەزیری شارەوانی ساسان عەونی و پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، هەروەها به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر و سه‌رۆكی شاره‌وانیی شهقڵاوەش ئامادەبوون.
بە گوێرەی راگەیاندراوی پارێزگای هەولێر، هەریەکە لە وەزیری شارەوانی و پارێزگاری هەولێر ئاشكرایان كردووە، تا ئێستا له سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی شاره‌وانییه‌كانی هه‌ولێر (سه‌رۆكایه‌تییه‌كانی شاره‌وانی له ده‌وروبه‌ری هه‌ولێر) زیاتر له ( 32 هه‌زار ) پارچه زه‌وی دابه‌ش كراوە له سنووری شاره‌وانییه‌كانی بنه‌سڵاوه، به‌حركه، داره‌توو، داره‌شه‌كران، رزگاری، سێبیران، شه‌مامك، قوشته‌په، كه‌سنه‌زان، كه‌ورگۆسك، مه‌خموور، دیبه‌گه – قه‌راج، كانی قڕژاڵه و پڕۆسەكەش بەردەوامە.
رۆژی 27ی ئاداری 2024، لە سەر فەرمانى سەرۆکى حکومەتى هەرێمى کوردستان مەسرور بارزانى، ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێمی کوردستان، بڕیاری بەخشینی 200 مەتر زەوی بە فەرمانبەرانی کەرتی گشتیی بەپێی مەرج و رێنماییەکان دا، لەو چوارچێوەیەشدا تاوەكو ئێستا پرۆسەکە بەردەوامە.