بوون بە هەشت سەرباز
ژمارەی سەربازە کوژراوەکان لە جەنگی ئێستادا لە زیادبوونە
فەرهاد حەسەن
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا “سێنتکۆم” رایگەیاند کە سەربازێکی پاسەوانی نیشتمانیی ئەمریکا لە کوێت گیانی لەدەستداوە، بەمەش ژمارەی کوژراوە سەربازییەکانی ئەمریکا لە شەڕەکەدا گەیشتە هەشت کەس.
سێنتکۆم لە پۆستێکدا لە هەژماری خۆی لە پلاتفۆرمی X نووسیویەتی “سەربازێکی پاسەوانی نیشتمانیی ئەمریکا لە کوێت لە 6.3.2026 بەهۆی بارودۆخێکی تەندروستی کتوپڕەوە گیانی لەدەستداوە و لێکۆڵینەوەش لە هۆکاری گیانلەدەستدانەکەی بەردەوامە”.
ژمارەی کوژراوانی ئەمریکا لە سەرەتای دەستپێکردنی هێرشە هاوبەشەکانی ئەمریکا و ئیسرائیل بۆ سەر ئێران، گەیشتە هەشت کوژراو، پێشتریش سوپای ئەمریکا ڕۆژی یەکشەممە ڕایگەیاندبوو کە سەربازێک بەهۆی ئەو برینانەی لە کاتی هێرشێکی ئێران لە سەرەتای مانگی ئازاردا تووشی بوبوو، گیانی لەدەستداوە.
فەرماندەیی ناوەندیی ئەمریکا لە بەیاننامەیەکدا وتی “سەربازێکی ئەمریکی شەوی رابردوو بەهۆی ئەو برینانەی لە کاتی یەکەمین هێرشەکانی رژێمی ئێران بۆ سەر ناوچە جیاجیاکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست توشی بوبوو، گیانی لەدەستدا”.
رۆژی شەممەی ئەم هەفتەیە، دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا پێشوازی لە تەرمی ئەو سەربازە ئەمریکییانە کرد کە لە ئۆپەراسیۆنەکانی دژی ئێران کوژران و خۆی سەرپەرشتی ڕێوڕەسمێکی کورتی لە گۆڕەپانی بنکەی ئاسمانی “دۆڤەر” کرد بۆ گەڕانەوەی تەرمی ئەو شەش سەربازە ئەمریکییەی کە سەرەتا لە شەڕی دژی ئێران کوژرابوون.
ئەو شەش ئەندامەی کە لە دوای هەڵگیرسانی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل دژی ئێران کوژران، سەربازی یەدەگ بوون کە لە کوێت جێگیر کرابوون و سەر بە فەرماندەیی پاڵپشتی 103 بوون کە بنکەکەی لە شاری “دێ مۆین” لە ویلایەتی ئایۆوایە.