کازمی: تەرمی سەدام حوسێن لە گۆڕەکەی دەرهێنراوە و نادیارە
964+
هاوبەش ئەبوبەکر
مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی پێشووی عێراق رایگەیاند، تەرمی سەدام حوسێن لەلایەن داعش لە گۆڕەکەی دەرهێنراوە و بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە.
مستەفا کازمی، دوێنێ شەممە لە چاوپێکەوتنێکیدا لەگەڵ رۆژنامەی شەرق ئەلئەوسەت رایگەیاند، سەدام حوسێن دوای لەسێدارەدانی رادەستی عەشیرەتی ئەلنەدا کراوەتەوە و لە تکریت بە خاک سپێردراوە، بەڵام دوای ئەوەی ساڵی 2012 داعش ئەو ناوچەیەی کۆنتڕۆڵ کرد، تەرمی سەدام بۆ شوێنێکی نادیار گوازراوەتەوە و تا ئێستاش هیچ کەسێک نازانێت بۆ کوێ براوە.
لە دوای لەسێدارەدانی سەدام، “نوری مالیکی فەرمانی کرد تەرمەکەی رادەستی یەکێک لە شێخەکانی خێڵی ئەلنەدا بکات، کە خێڵی سەدام حوسێنە، بۆیە لە ناوچەی سەوزەوە تەرمەکەیان گواستەوە و لە تکریت بە خاک سپێردرا، لە دوای ساڵی 2012 کە داعش کۆنترۆڵی ناوچەکەی کرد، تەرمەکەی لە گۆڕەکەی دەرهێنرا، گواسترایەوە بۆ شوێنێکی نهێنی، کە تا ئێستا کەس نازانێت لە کوێیە،” مستەفا کازمی وای وت.
کازمی سێ جار رووبەڕووی هەوڵی تیرۆرکردن بووەتەوە
لە چاوپێکەوتنەکەدا کازمی دەڵێت، خۆی سێ جار رووبەڕووی هەوڵی تیرۆرکردن بووەتەوە، کە یەکێکیان لە رێگەی درۆنەوە هێرشکراوەتەسەر ماڵەکەی، دەشڵێت، حکومەتەکەی سەرکەوتوو نەبوو لە چارەسەرکردنی چەکی بێ خاوەن و دادگاییکردنی ئەوانەی تۆمەتباربوون لە بەئامانجگرتنی چالاکوانان.
دەوڵەت زیانی 600 ملیار دۆلاری پێگەیشتووە
کازمی باس لەو زیانانە دەکات عێراق تووشیان بووە بەهۆی گەندەڵی، لەمبارەیەوە دەڵێت، بەهۆی گەندەڵی لە دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەکانی عێراقەوە، دەوڵەت زیانی 600 ملیار دۆلاری پێگەیشتووە، کە بەشێکی ئەو پارەیەش خراوەتە خزمەت کەسایەتی، لایەنی حزبی، سەربازی و رۆڵی هەرێمییەوە.
دەشڵێت، ژمارەیەک کەسایەتی دەیانەوێت مێژووی ناشیرینی حکومڕانی خۆیان پاک بکەنەوە لە رێگەی لێدان لە حکومەتەکەی، کە حکومەتێکی حزبی، میلیشیایی و خاوەن فراکسیۆنی پەرلەمانی نەبووە، هەر ئەو کەسایەتی و لایەنانەش ببوونە بەربەست لە بەردەم کاری حکومەتەکەی.