جلەکان ئوتو ناکرێن
بێکارەبایى کێشەى بۆ بەرگدرووەکان دروستکردووە
964+
میلاد جەلال- گەرمیان
نەبوونی کارەبای نیشتمانی و بێهێزیی کارەبای مۆلیدە ئەهلییەکان، گرفتێکی چاوەڕواننەکراوی بۆ بەرگدرووەکانی کەلار دروستکردووە و دەڵێن، دەبێت بۆ سەردەمی “ئوتوی خەڵووز” بگەڕێینەوە.
هایدە حیسامەدین، بەرگدرووی جلوبەرگی ژنانە لە کەلار بە 964ـی وت، “کارەبای مۆلیدە تەنیا بەشی ئەوە دەکات مەکینەی دروومانەکەی پێ کارپێبکەین، بەڵام کێشەکە لەوەدایە ئوتو کارەبای بەهێزی دەوێت و مۆلیدەکان ئەو هێزەیان نییە”.
ئەو خانمە کە ماوەی هەفتەیەکە “گیری خواردووە”، باس لەوە دەکات، جلی زۆری تەواو کردووە، بەڵام ناتوانێت پەیوەندی بە خاوەنەکانیانەوە بکات بۆ ئەوەی بیبەنەوە، چونکە هێشتا ئوتو نەکراون و بەو چرچییەش رادەست ناکرێنەوە.
هایدە دەڵێت، “ئەگەر دۆخی کارەبا بەم شێوەیە بڕوات، ناچار دەبین بگەڕێینەوە بۆ ئوتوە کۆنەکان و بەدوای ئوتوی خەڵووزدا بگەڕێین تا کارەکانمان نەو بەڕێبکەین”.
پێداچوونەوە: وریا فەتاح