زیاتر لە 274 ملیار دینارە

تەمویلی موچەی مانگی شوبات خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی

964+

فەرهاد حەسەن

بە پێی راگەیەنراوێکی وەزارەتی دارایی و ئابوریی، لەلایەن بەغداوە تەمویلی موچەی مانگی شوبات خرایە سەر هەژماری بانکی وەزارەتی دارایی..

وەزارەتی دارایی بڵاویکردەوە، نیوەڕۆی ئەمڕۆ پێنجشەممە رێکەوتی 5.3.2026 بڕی 274 ملیار و 962 ملیۆن دینار بە چوار گوژمە وەک بەشێک لە تەمویلی موچەی مانگی شوباتی موچەخۆرانی هەرێم کە بریتیە لە تەمویلی مووچەی مانگی شوباتی خانەنشینان و سودمەندانی چاودێری کۆمەڵایەتی و فەرمانبەرانی گرێبەست و مینحەی زیندانیانی سیاسی، خرایە سەر هەژمارەکەیان، لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق.

باسی لەوەش کردووە، چاوەڕێ دەکرێت لەگەڵ دەستپێکردنەوەی دەوامی فەرمی لە رۆژی یەکشەممەی داهاتوو تەواوی تەمویلی موچە بخرێتە سەر هەژماری بانکییان و لەگەڵ گەیشتنی تەواوی پارەکە و وەرگرتنی لە لقی هەولێری بانکی ناوەندی عێراق راستەوخۆ خشتەی موچە رادەگەیەنرێت و دەست بەدابەشکردنی دەکرێت.