بەهۆی هێرشی سەر قەسری شیرین
دەرگای مەرزی پەروێزخان لەدیوی کوردستانەوە قوفڵی لێدرا
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
دوای ئەوەی بەرەبەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە، ھێرشکرایە سەر قەسری شیرینی نزیک مەرزی پەروێزخان لە رۆژھەڵاتی کوردستان، دەرگای مەرزەکە بەڕوی شۆفێران داخرا و جوڵەی بازرگانی راگیرا.
شۆفێرێکی بارھەڵگر بە 964ى وت،”ئەمڕۆ سەرەمان بوو باری وشکە لە مەرزەکە باربکەین، دوای پارشێو کە ھێرشکرایە سەر قەسری شیرین، ھێزە ئەمنیەکانی مەرزەکە ھەموو بارھەڵگرەکانیان دەرکرد لە سنوری مەرزی پەروێزخان”.
وتیشی “دەرگای مەرزەکە لەدیوی کوردستانەوە زنجیر و قوفڵی لێدرا و بەتەواوەتی داخرا، رێگە نەدرا ھیچ بارھەڵگرێک بچێتە مەرزەکەوە”.
ئاماژەی بەوەشکرد، ھیچ شتێکیان پێنەوتوون کەی بڕۆنەوە مەرزەکە بۆ ھێنانی بار، ھەرکات جوڵەی بازرگانی دەستپێبکاتەوە لەرێگەی گروپەکانی تایبەت بەخۆیان ئاگاداریان دەکەنەوە.
پێداچوونەوە؛ فەرهاد حەسەن