"پەیوەندیان بە کۆشکی سپی کردووە"

12 وڵات خەریکی نێوەندگیرین بۆ کۆتاییهێنان بە شەڕی دژ بە ئێران

فەرهاد حەسەن

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکا ئاشکرای کرد، نزیکەی 12 وڵات پەیوەندییان بە وڵاتەکەیەوە کردووە لە هەوڵێکدا بۆ نێوەندگیری بۆ وەستاندنی شەڕی ئەمریکا و ئیسرائیل لە دژی ئێران کە پێی ناوەتە شەشەمین رۆژەوە.

ئەو بەرپرسە باڵایە بێ ئەوەی ناوی ئاشکرا بکات، بە کەناڵی (سی ئێن ئێن)ی وتوە، لەو کاتەوەی شه‌ڕه‌كه‌ بەرەو توندوتیژی پەرەی سەندووە، چەند وڵاتێک پەیوەندییان به‌ كۆشكی سپییه‌وه‌ كردوه‌، كه‌ ژمارەیان لە دەوروبەری 12 وڵاتە و ئارەزوی خۆیان دەربڕی بۆ ئەوەی بزانن ئایا دەتوانن یارمەتیدەر بن لە چارەسەرکردنی قەیرانەکە.

ئاماژە بەوەشکراوە کە هەواڵگری ئێران ئەمریکای لە ئامادەیی خۆی بۆ کردنەوەی کەناڵی پەیوەندییەکان سەبارەت بە چۆنیەتی کۆتایی هێنان بە شەڕ ئاگادار کردوه‌تەوە و پەیامەکان لە رێگەی وڵاتی سێیەمەوە بە دەزگای هەواڵگری ناوەندی ئەمریکا (سی ئای ئەی) گەیشتوون.

لایخۆشییەوە، ئاژانسی هەواڵی تەسنیم لە زاری بەرپرسێکی ئێرانییەوە بڵاویکردەوە، تاران هیچ پەیامێکی بۆ ئەمریکا نەناردوە.

به‌گوێره‌ی راپۆرته‌كه‌ی سی ئێن ئێن، هیچ ئاڵوگۆڕێکی پەیام لە نێوان ئەمریکا و ئێران رووی نەداوە و ستیڤ ویتکۆف، نوێنەری ئەمریکا کە پێش هێرشه‌كان سێ خولی دانوستانەکانی لەگەڵ ئێراندا سەرکردایەتی لەگەڵ عەباس عێراقچی وەزیری دەرەوەی ئێران کردووە، به‌ڵام لەگەڵ عەلی لاریجانی بەرپرسی باڵای ئاسایشی نەتەوەیی ئێرانیش لە پەیوەندیدا نەبووە.

بەرپرسێکی باڵای ئەمریکاش دەڵێت، “ئێمە هیچ لایەنێک وەک نێوەندگیر بەکارناهێنین، ئەمە ئۆپەراسیۆنێکی سەربازییە و دەبێت ڕێڕەوی خۆی بگرێتەبەر”.