وته‌بێژی حكومه‌تی هه‌رێم:

کوردستان و پارتە سیاسییەکانی بەشێک نین لە هیچ هەڵمەتێک بۆ فراوانکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان

ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا

وتەبێژی حکومەتی هەرێم، ئەو راپۆرتانەی بە تەواوی رەتکردەوە کە باس لە پڕچەککردن و ناردنی پارتە کوردییە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران لە رێگەی هەرێمی كوردستانەوە بۆ ئێران دەکەن و بە “ناڕاست و بەمەبەست” ناوی بردن.

پێشەوا هەورامانی ئه‌مڕۆ پێنجشه‌ممه‌ 5.3.2026 له‌ پۆستێكدا له‌ فه‌یسبووكی خۆی نووسیویه‌تی، “هەرێمی کوردستان و پارتە سیاسییەکانی، بەشێک نین لە هیچ هەڵمەتێک بۆ فراوانکردنی شەڕ و ئاڵۆزییەکان لە ناوچەکەدا و بەردەوام داوای ئاشتی و سەقامگیری دەکەن”.

هاوكات هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانیشی شەرمەزار کرد و داوای لە حکومەتی فیدراڵ و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد، سنوورێک بۆ پەلامارەکان دابنێن و خاک و خەڵکی کوردستان بپارێزن.

تا ئێستا له‌و پێنج رۆژه‌ی شه‌ڕی ئیسرائیل و ئه‌مریكا به‌رامبه‌ر ئێران ده‌ستیپێكردووه‌، زیاتر له‌ 100 هێرش به‌ درۆن و مووشه‌ك كراوه‌ته‌ سه‌ر شار و شارۆچكه‌كانی كوردستان و هه‌روه‌ها كه‌مپی ئاواره‌كان، چه‌ند كوژراو و بریندارێكیش هه‌بوون.