دوێنێ شەو چی روویدا؟
درۆن واز لە ئاسمانی هەرێم ناهێنێت و خەوی لە چاوی هاوڵاتیان زڕاندووە
964+
ژووری هەواڵ
بۆ ئەوەی لە هەواڵەکان دانەبڕێن بەکورت و پوختی هەموو ئەو رووداوانەی لە چەند کاتژمێری رابردوو لە ناوچەکە و جیهان روویانداوە لێرە بۆمان کۆکردوونەتەوە؛
کاتژمێر 10:20 خولەکی شەو، دەنگى تەقینەوەیەکى بەهێز لە سلێمانی بیسترا و هەر زوو چەند هاوڵاتییەک بە 964ـیان وت، لە گردی ریعایە (گردی یوئێن) دراوە.
کەمێک دوای ئەوە، پارێزگاری سلێمانی رایگەیاند، بەهیچ شێوەیەک سەردانی ناوچەی بۆردومانکراوی گەڕەکی بەرانان مەکەن و بەدەرەوە مەبن، بۆ کاری زۆر پێویستیش نەبێت ئەو رێگایانە بەکارنەهێنن.
سەرچاوەیەک لە نەخۆشخانەی شاریش بە 964ـی وت: بەهۆی بۆردومانەکەوە بریندارێک گەیەندراوەتە نەخۆشخانەکەمان. دەوترێت بریندارەکە پاسەوانە و بە نەتەوە کوردە.
ئاسایشی سلێمانی رایگەیاند: هێرشەکەی گردی ریعایە بە درۆن بووە.
درەنگانێکی شەو، هێرشکرایەوە سەر فڕۆکەخانەی هەریر، دانیشتووانی هەریر و دەوروبەری چەند جارێک گوێبیستی دەنگی تەقینەوەی بەهێز بوون.
دوای بیستنی چەند دەنگێکی بەهێز، ئاسایشی هەولێر رایگەیاند، درۆنێکی خۆکوژ لە نزیک ناحییەی کەسنەزانی شاری هەولێر کەوتە خوارەوە، هیچ زیانێکی گیانی نەبوو.
دوا بەدوای ئەوە درۆنێکی دیکە لە ئاسمانی هەولێر تێکشکێندرا و دانیشتوویەکی گوندی مەلا ئۆمەر بە 964ـی وت: درۆنەکە لە ئاسمانی مەلا ئۆمەر تەقییەوە و پارچەکانی لە نزیک (بەفرین ستی) کەوتنە خوارەوە.
پاشماوەی درۆنێکی دیکەش لە گەڕەکی مامۆستایانی زانکۆ لە هەولێر کەوتە خوارەوە و زیانی بەر ماڵێک گەیاند
پەیامنێری 964 لە کۆیە: کاتژمێر 01:15 خولەکی ئەمشەو دەنگێکی بەهێز بیسترا، بەپێی زانیارییەکان لە سەرچاوەیەکی ئەمنیەوە پێیان وتین، بە موشەک هێرشکراوەتە سەر کەمپی ئامریە.
دوێنێ شەو سوپای ئیسرائیل هێرشێکی بەرفراوانی کردە سەر ژێرخانی سەربازیی ئێران و وێستگەیەکی نهێنیی ئەتۆمی لە رۆژهەڵاتی تاران کردە ئامانج.
ئیمانوێل ماکرۆن، سەرۆکی فەرەنسا رایگەیاند کە فەرمانی داوە بە ناردنی کەشتی فڕۆکەهەڵگری “شارل دیغۆل” بۆ رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
ترەمپ رایگەیاند کە بە هەر نرخێک بێت دڵنیایی دەدەن لە بەردەوامیی رۆیشتنی وزە، و ئەگەر پێویست بکات هێزی دەریایی ئەمریکا یاوەری کەشتییە نەوتییەکان دەکات لە گەرووی هورمز.
سوپای پاسدارانی ئێران، نیشتنەوەی فرۆکەیەکی سەربازی ئیسرائیلی لە جۆری F-35 لە فڕۆکەخانەی مێهرئاباد لە ناو جەرگەی تارانی پایتەخت، رەتکردەوە و دەڵێت، “ئەمە ئەسڵ و ئەساسی نییە و دەنگۆی زایۆنییەکانە”.
وەزارەتی بەرگریی قەتەر رایگەیاند کە ئێران بە دوو موشەک هێرشی کردووەتە سەریان و یەکێکیان ئاراستەی بنکەی سەربازیی “عەدید” کراوە.
بە درۆن هێرش کرایە سەر دەوروبەری کونسوڵخانەی ئەمریکا لە دوبەی.
سیستەمی بەرگریی سعودیە 9 درۆن و دوو موشەکی کروزی ئێرانی لە ئاسماندا تێکشکاند.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ ئاشکرای کرد، ترەمپ بیر لە جێگرەوەی خامنەیی دەکاتەوە و کراوەیە بۆ پشتیوانیکردنی ئەو گروپە چەکدارانەی دەیانەوێت رژێمی ئێران بڕووخێنن.
ئێران ئینتەرناشناڵ کە کەناڵێکی ئۆپۆزسیۆنی ئێرانە بڵاویکردەوە, ئەنجومەنی شارەزایانی رێبەری لەژێر گوشار و هەڕەشەی سوپای پاسداران، موجتەبا خامەنەییان وەک رێبەری نوێی باڵای ئێران هەڵبژاردووە.
وەزیری دەرەوەی ئەمریکا جەختی کردەوە کە هەرگیز رێگە نادەن ئێران ببێتە خاوەنی چەکی ئەتۆمی، و تا ئێستاش 9000 هاووڵاتیی ئەمریکییان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە گواستووەتەوە.
وهزارهتی دهرهوهی ئێران: راوێژكاری ئهڵمانیا فشار له وڵاتانی ئهوروپا دهكات ههموویان لهسهر دژایهتیكردنی ئێمه هاودهنگ دهبن.