هەڵکەندنى ژمارەیەکى زۆر گۆڕ بۆ ئەو قوتابى و خوێندکارانەى لە قوتابخانەیەکى باشورى ئێران بەئامانجگیران
ئیدانەى دەکات
نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر هێرشکردنە سەر خوێندنگەیەک لە باشوورى ئێران هاتە دەنگ
964+
وریا فەتاح
نەتەوە یەکگرتووەکان بە توندی ئیدانەی هێرشکردنە سەر خوێندنگەیەکی کچان لە باشووری ئێران دەکات و دەڵێت: “دیمەنەکان سامناکن”، داواش دەکات ئەو هێزەی هێرشەکەی کردووە خۆی لێکۆڵینەوە بکات.
ئەمڕۆ سێشەممە، نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان لەبارەی هێرشکردنە سەر خوێندنگەیەکی کچان لە ئێران، هاتە دەنگ، راڤینا شامداسانی، وتەبێژی نووسینگەی مافی مرۆڤی نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت: “ئەو دیمەنانەی بڵاوبوونەتەوە سامناکن و قوڵایی دڕندەیی و بێمانایی ئەم جەنگە نیشان دەدەن”.
لاى خۆیەوە ڤۆڵکەر تورک، کۆمیسیاری باڵای مافی مرۆڤ داوای لێکۆڵینەوەی بەپەلە دەکات و دەڵێت: “ئەرکی لێکۆڵینەوەکە لە ئەستۆی ئەو هێزەیە کە هێرشەکەی ئەنجامداوە”.
هێرشەکە رۆژی شەممەی ڕابردوو کراوە، مارکۆ رۆبیۆ، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا رەتیکردەوە بە ئەنقەست خوێندنگە کرابێتە ئامانج، ئیسرائیلیش دەڵێت لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە دەکەن.
هەرچى ئێرانە، لە زارى عەلی بەحرەینی، باڵیۆزی ئێران لە نەتەوە یەکگرتووەکان، هێرشەکەی بە “تاوانکاری و بێ پاساو” وەسف کردووە.
رووداوەکە لە شاری میناب و لەنزیک لە بنکەیەکی سوپای پاسداران روویداوە و بووەتە هۆی کوژرانی زیاتر لە 160 کەس لەناو قوتابخانەیەکدا.