"گەڕاوینەتەوە زەمانی بەردین"
بڕیاری خاوەن موەلیدەکان بازاڕی چرای لە سلێمانی گەرم کردووە
964+
دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی
دوای ئەوەی خاوەن موەلیدەکانی سلێمانی بڕیاریاندا ئەمشەویش موەلید بۆ هاوڵاتیان هەڵنەکەن، بازاڕی چرا لامپە گەرم بووە، هەر کەسەو چرایەکی بن باوەشی داوە و دەیباتەوە ماڵەوە.
چەند هاوڵاتییەک لەناو بازاڕی سلێمانی قسەیان بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێن، “کەمبوونەوەی کارەبا گرفتی زۆری بۆ دروست کردووین، لەبەر ئەوەی رانەهاتووین لەگەڵ وەزعەکە، زۆر قورسە، جگە لەوەی بۆ جل شۆردن و ماڵ پاککردنەوە پێویستمان بە کارەبایە، بۆ مۆبایل و خەتی ئینتەرنێتیش پەکمان کەوتووە”.
مام حاجییەکی قسەخۆش دەڵێت، “گەڕاوینەتەوە زەمانی بەردین، ئێستا کەی کاتی ئەوەیە چرا لامپە بەکاربێنین، خاکەکەمان گەوهەرە، بەس ساحێبی نییە”.
ئەمڕۆ سێشەممە 3.3.2026 قایمقامیەتی سلێمانی بڕیاریدا موەلیدەکان لە کاتژمێر 4ـی عەسر بۆ 1ـی شەو و پارشێوانیش لە کاتژمێری 4ـی بەرەبەیان تاوەکو کاتژمێر 5 هەڵبکرێنەوە، ئەگەر کارەبای نیشتمانی نەبوو، بەڵام خاوەن موەلیدەکان گردبوونەوە و ناڕەزاییان دەربڕی، ئەوان دەڵێن، تا گرێبەستیان بۆ نەکەن، ئیش بە موەلیدەکانیان ناکەن.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری