مووشەکەکان رێگریان لە خوێندنەوە نەکردووە
رۆژانە 70 کتێب لەلایەن سزادراوانی چاکسازی هەولێر دەخوێندرێتەوە
964+
فەرهاد حەسەن
بەرێوەبەرایەتی چاکسازی گەورانی هەولێر دەڵێت، لە درێژەی هەوڵە بەردەوامەکانیان بۆ پشتگیری لە پرۆسەی چاکسازی و گەشەپێدانی توانا فکرییەکان، سزادراوان روویان لە خوێندنەوەی کتێب کردووە و بەشێوەیەکی بەرچاویش بەشداریان لەم چالاکییە رۆشنبیرییە دەکەن.
بەپێی ئامارەکان، تەنیا لە ماوەی مانگی رابردوودا زیاتر لە هەزار و 937 کتێب لەلایەن سزادراوان خوێندراوەتەوە، کە ئەمە نیشانەی هەڵکشان و ئاراستەبوونیان بۆ خوێندن و زانیارییە.
کتێبخانەی ناو چاکسازی گەورانی هەولێر بە شێوازێکی مۆدێرن ئامادەکراوە و نۆ هەزار و 653 کتێب و شەش هەزار و477 ناونیشانی جیاوازی لەخۆگرتووە، کە بابەتە جۆراوجۆرەکان وەک ئایینی، ئەدەبی، کۆمەڵایەتی، و کۆمەڵناسی دەگرێتەوە و ئەم ژمارەیەش بەردەوام لە زیادبووندایە.
چاکسازی گەورانی هەولێر پلانی ساڵانەی هەیە لە چوارچێوەیدا، چەندان خول و چالاکی خوێندنەوە بۆ سزادراوان رێکدەخرێت، و هەر سزادراوێک دەتوانێت بە ئازادی داوای هەر کتێبێک بکات، دوای تەواوبوونی خوێندنەوەش، کتێبەکان دەگەڕێندرێنەوە بۆ کتێبخانە تاوەکو زۆرترین کەس لێیان سوودمەند بن.
ژووری کتێبخانە لەلایەن هۆبەی توێژینەوەی بەرێوەبەرایەتیەکەوە بە شێوەیەکی رێک و سیستەماتیک سەرپەرشتی دەکرێت.
چاکسازی دەڵێت، ئەم هەنگاوە بەشێکە لە ستراتیژی گشتی بەرێوەبەرایەتییەکەیان بۆ دروستکردنی ژینگەیەکی چاکسازیی گونجاو و ئامادەکردنی سزادراوان بۆ گەڕانەوەی باشتر بۆ ناو کۆمەڵگا.