"عەقدمان بۆ نەکەن هەڵیناکەین"

خاوەن موەلیدەکانی سلێمانی لە بڕیارەکەی قایمقامیەت ناڕازین

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

خاوەن موەلیدەکانی سلێمانی لە بڕیارەکەی قایمقامیەت ناڕازین و دەڵێن، تا عەقدیان بۆ نەکەن، موەلیدەکانیان هەڵناکەن.

چەند کاتژمێرێک بەسەر بڕیارەکەی قایمقامیەتی سلێمانی بۆ هەڵکردنەوەی موەلیدە ئەهلییەکان لەم بێ کارەباییەدا تێنەپەڕی، خاوەن موەلیدەکان لەبەردەم سەندیکای کۆمەڵەی موەلیدە ئەهلییەکان گردبوونەوە و ناڕەزایەتیان دەربڕی.

نەبەز مەجید نوێنەری خاوەن موەلیدەکان بە 964ـی وت، “هەر موەلیدەیەک ملیۆنێک بۆ ملیۆن و نیوێک خەرجی هەیە، پێشوەختە پێتناڵێ لەپڕدا پێتدەڵێ بڕۆ ئیش بکە، خۆ ئاوا نابێ، دەبێ عەقدی ساڵێک دوو ساڵی بۆ بکەی و بەرنامەی بۆ دابنێی”.

ئاماژەی بەوەشکرد، نەدەبوو حکومەت گرێبەستی پێشوویان هەڵبوەشێنێتەوە و لەکاتێکی وەک ئەمڕۆدا ئیشیان پێ بکردایەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 3.3.2026 قایمقامیەتی سلێمانی بڕیاریدا موەلیدەکان لە کاتژمێر 4ـی عەسر بۆ 1ـی شەو و پارشێوانیش لە کاتژمێری 4ـی بەرەبەیان تاوەکو کاتژمێر 5 هەڵبکرێنەوە، ئەگەر کارەبای نیشتمانی نەبوو.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری