پردی قەشان لە شکارتە؛

لە بەردی سادە هونەری تەلارسازی و چارەسەری گرفتێکی گەورە

964+

ئاکام غەفور

لە شارەدێی شکارتە پردێکی بەردین و سادە، بە هەرەوەزی لەسەر گیرفانی ئاژەڵداران دروست کراوە، ئاژەڵداران و خەڵکی ناوچەکەشی حەساندووەتەوە، کێشەیەکی گەورەی هاتوچۆی ناوچەکەشی چارەسەر کردووە.
پردی قەشان لە تاشە بەردی گەرە دروست کراوە، وەکو شاخ خۆڕاگرە و لافاو کاری تێ ناکات، هەرچەندە هیچ ئەندازیارێک سەرپەرشتی کارەکەی نەکردووە، بەڵام ئەوەندە لێزانانە درووستکراوە تەنانەت بە رووکەشیش دەردەکەوێت کە هونەری بەرزی تەلارسازی تێدا بەکار هاتووە.
محەمەد سلێمان، دنیادیدەیەکی شکارتەیە و بۆ 964 وتی، “هەشت ساڵە پردەکە دروست کراوە، جاری یەکەم ئاو بردی، دووبارە دروست کرایەوە، خەڵکی ناوچەکە بە هەرەوەزی لەسەر گیرفانی خۆیان بە حەفارە لە تاشە بەردی شاخەکە درووستیان کرد”.
وەک باسی دەکات، پردەکە تۆکمەیە و هەرچەندە زۆر جار ژێر ئاو دەکەوێت، بەڵام گرفتی بۆ دروست نابێت و بەرگەی لافاویش دەگرێت.
مام خدر سەعید، ئاژەڵدارە و دەڵێت، ئەم پردە ئێمەی حەساندووەتەوە، هەموو رۆژێک هاتوچۆی بەسەردا دەکەم، پێشتر نەمان دەتوانی بگەین بە شاخ لەبەر زۆری ئاوی رووبارەکە و پێش پردەکەش ئاو دوو، سێ کەسی لێرە بردووە ئەمە جگەی لەوەی چەند جارێک ئاژەڵ لێرە بە ئاودا چوون.

دەشڵێت، جگە لە ئاژەڵداران تەواوی خەڵکی شکارتە سوود لە پردەکە دەبینن بە تایبەت لە وەرزی بەهاردا.

پێداچوونەوە: ژێوار خدر

حافز پردە نەگبەتەکەی رێگای هامڵتۆن؛ هەر بارهەڵگرەو خۆ...

حافز پردە نەگبەتەکەی رێگای هامڵتۆن؛ هەر بارهەڵگرەو خۆی پێدەگیرسێنێتەوە