تاوەرەكانیان لە كار دەخرێت

لە کەرکوک 500 بریکاری هێڵی ئینتەرنێت بێ كار دەكرێن

964+
کاروان ساڵحی-کەرکوک

لە دژی بڕیارێکی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی عێراق، بریکارەکانی هێڵی ئینتەرنێتی ماڵان لە کەرکوک لە بەردەم بینای پارێزگا گردبوونەوە، چونكە بڕیاردراوە ئەمڕۆ دەبێت سەرجەم تاوەرەكانی ئینتەرنێت لەکار بکەون و لە بری ئەوە هێڵی ئینتەرنێتی حکومی رابکێشن.

داستان مەردان بریکار و خاوەن یەکێک لە بورجەکان، ئەمڕۆ سێشەممە 3.3.2026 بە964ـی وت، ئەمڕۆ دوا مۆڵەتە دەبێتە کاری تاوەرەکان رابگیرێت و هێڵی ئینتەرنێت بکوژێتەوە، هاوڵاتیان هێڵی نوێی حکومی رابکێشن، کێشەکە لەوەیە حکومەت هێڵی کێبڵی رووناکی بۆ هەموو گەڕەکەکان رانەکێشاوە، هەروەها دەرەوەی شار بەهەمان شێوە پێیان نەگەیشتووە.

وتیشی، لەگەڵ پارێزگاری کەرکوک قسەمان کردوە داواکارییەکانمانی گەیاندە وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندن و دەزگا ئەمنییەکان، چونكە بەو بڕیارە ئێمە زەرەرمەند دەبین، ئەو تاوەرانە لە ساڵی 2005 داندراون و لەسەر گیرفانی خۆمان دامانناوە، نزیکەی 500 بریکاری بورجی ئینتەرنێت هەیە.

بێستون سەلامیش یەكێكی دیكەیە لە خاوەن تاوەرەكان و بە 964ـی وت، پێش وەختە ئاگادار نەکراوین، چونکە هەندێک لە ماڵان تا ئێستا بەشداربووانی خزمەتگوزارییەکەیان ماوە، دواتر ئێمە جیاوازین لەگەڵ حکومییەكە، حەوت هەزار دینار نرخی کەمترە، هەروەها زۆربەی گەڕەکە کوردییەکان فەرمانبەری هەرێمیان هەیە و سێ مانگ جارێ پارەیان لێ وەردەگرین، بەڵام ئەوان دەستبەجێ وەریدەگرن.

وتیشی، “نۆ هەزار دۆلار مەسرەفم کردووە بە دانانی کابینە و سپلیت و بورجەكەوە، سبەینێ دایبگرم چی لەو بورجە بکەم و كێ قەرەبوومان دەكاتەوە”.

ئەو خاوەن بورجانە، ئینتەرنێت لە حكومەت دەكڕن و لە رێگەی بورجەكانیانەوە و لە رێگەی سینییەوە لە گەڕەكەكان بە هاوڵاتیانی دەفرۆشن، بەڵام ئێستا حكومەت دەیەوێت خۆی بە كێبڵ ئینتەرنێت بە هاوڵاتیان بفرۆشێت و ئیتر ئیشی بەو بورجانە نەماوە.

پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا

بێ‌ ئاوی یەخەی چەند گەڕەكێكی كوردی كەركوكی گرتووە

بێ‌ ئاوی یەخەی چەند گەڕەكێكی كوردی كەركوكی گرتووە