ههواڵهكان
پریشکی ئاگری شەڕ زیانی به ههولێر گهیاند و وهزعی كارهباش هێشتا خراپه
ژووری هەواڵ
پریشکی ئاگری شەڕەکە لە هەولێریش زەرەریداوە، لە دوێنێ شەوەوە خەڵکی شار گوێیان لە تەق و تۆق دەبێت، لە سەرچاوەی نەزانراوەوە درۆن دێت و سیستەمەکانی بەرگری دەیخەنە خوارەوە، پارچەکانیش لە کاتی هاتنە خوارەوە زیانی خۆیان داوە.
لە گەڕەکی پیرزین کە نزیکە لە کونسوڵخانە تازەکەی ئەمەریکا لە هەولێر، ماڵێک ئۆتۆمبێلەکەیان لەبەر دەرگا راگرتووە، پارچەیەک لە ئاسمان بەربووەتەوە و بەر ئۆتۆمبێلەکە کەوتووە.
هاتوچۆی مەرزەکانی نێوان ئێران و هەرێمی کوردستان بە تەواوی سنووردارکراوە، لەودیو ئەوەی پاسپۆرتی عێراقی پێیە دەتوانێت بگەڕێتەوە بۆ هەرێم، ئەوەشی پاسپۆرتی ئێرانی پێبێت دەتوانێت بچێتەوە بۆ ئەو دیو، جگە لەمانە هاتوچۆ راگیراوە.
رۆژی دووەمە هێشتا کارەبا هەر خراپە، نە وەزارەتی کارەبا و نە سامانە سروشتییەکان و نە پرۆژەی رووناکیش هیچ بە خەڵک ناڵێن و نازانرێت کارەبا کەی دەگەڕێتەوە دۆخی ئاسایی خۆی.
ئەمڕۆ شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان حاڵیان باش نەبوو، لە سنەو مهابادو ئیلام و کرماشان فڕۆکەکانی ئەمەریکاو ئیسرائیل چەند شوێنێکیان بۆدرومانکرد، بەپێی ئەوەی لە ڤیدیۆکان دەرکەوتووە بۆردومانەکەی سنە لە هەموویان گەورەتر بوو.
لەوەتەی ئەم شەڕە دەستیپێکردووە، 964 بووەتە سەرچاوەیەکی گرنگی پڕ زانیاری بۆ خەڵک، چونکە سات بە سات زانیاری وردو یەکلاکەرەوە لەسەر گۆڕانکارییەکان بڵاودەکاتەوە، لەوەش زیاتر بە شێوەیەکی نیمچە رۆژانە عەقید سەلام شیکارو زانیاری ورد لەبارەی شەڕەکەوە بە خەڵک دەگەیەنێت.