تۆمەتبارێک لە چەمچەماڵ

113 ملیۆن دینارى دزى و دەستگیرکرا


وریا فەتاح

مەفرەزەکانی نووسینگەی چەمچەماڵی سەر بە بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی، تۆمەتبارێکیان دەستگیرکرد کە بڕی 113 ملیۆن دینار و 300 دۆلاری لە ماڵێک دزیبوو.

دوای ئەوەی هاوڵاتییەک سکاڵای تۆمارکرد کە قاسەی ماڵەکەی براوە و بڕی 113,000,000 دیناری عێراقی و 300 دۆلاری ئەمریکی تێدا بووە، پۆلیس لێکۆڵینەوەکانی دەستپێکرد.

پۆلیسی سلێمانی دەڵێت، بە سوودوەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری، توانراوە تۆمەتبارەکە بدۆزرێتەوە و دەستگیر بکرێت.

تۆمەتبارەکە ناوی (ع. ع. ع) و لەدایکبووی ساڵی 2004ـە. دوای دەستگیرکردنی، دانی بە تاوانەکەیدا ناوە کە چۆتە سەر ئەو ماڵە و قاسەکەی دزیوە.
لە ئێستادا تۆمەتبار بە بڕیاری دادوەر و بەپێی ماددەی 443 لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە و لێکۆڵینەوە لەگەڵیدا بەردەوامە