"تووشی زەرەر و زیانی زۆر بووین"
خاوەن کێڵگە پەلەورییەکانی گەرمیان گردبوونەوە
964+
میلاد جەلال – گەرمیان
خاوەن کێڵگە پەلەوەرییەکانی گەرمیان گردبونەوە و دەڵێن، بەرھەمەکانیان ھیچ گرفتێکیان نییە و بەهۆی هەندێک دەنگۆوە تووشی زەرەر و زیانی زۆر بوون.
محەمەد نەجمەدین یەکێک لەبەشداربووانی گردبوونەوەکە بە 964ـی وت، “هەمامەیەکی زۆریان دروستکردووە بۆ مریشکی ناوخۆ گوایە بەخواردنی تووشی شێرپەنجە دەبین، هیچ شتی وا نییە و مریشکی کوردستان هەمووی خراپ نییە”.
“هەر لەو مریشکەی کە دەیفرۆشم بەخەڵک هێناومەتەوە ماڵەوە و دوو موجەمیدەم هەیە، هەردووکی پڕە، خۆ ئەگەر لە خەمی خەڵکدا نەبم، دەبێ لە خەمی منداڵەکانی خۆمدا بم”، محەمەد نەجمەدین وای وت.
ئارام عەبدوڵاـیش یەکێکی دیکەیە لەو خاوەن کێڵگە پەلەوەریانە، نووسراوێکی بەدەستەوەیە و دەڵێت، “50 هەزار مریشکم هەیە و بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەری گەرمیان داشکاندنی بۆ کردووم و دەڵێت، بەرزترین کوالێتی هەیە و بیخە ناو بازاڕەوە”.
داوایشی کرد، حکومەتی هەرێمی کوردستان لێپێچینەوە لەو کەسانە بکات کە دژی بەرووبوومی ناوخۆیی لێدوان دەدەن و بانگەشە و دەنگۆی ناڕاست بڵاودەکەنەوە.
حەمزە عەلی بەشداربوویەکی دیکەی گردبوونەوەکە دەڵێت، “پێشتر کیلۆیەک گۆشتی مریشک لە کێڵگە پەلەوەرییەکان بە دوو هەزار و 400 دینار بووە، دوێنێ بە هەزار و 900 دینار فرۆشراوە، تووشی زەرەر و زیانێکی زۆر بووین”.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری