"ئامادەم لەسەر خانەقین هەر پێنج کوڕەکەم بدەم بەکوشت"
هەموو سەوزەکەی لێکڕی و نەیهێشت بایکۆت بشکێنرێت
964+
میلاد جەلال – خانەقین
سەوزە فرۆشێکی خەڵکی سەعدیە ئەمڕۆ ئاگاداری مانگرتنەکەی خەڵکی خانەقین نەبوو، عارەبانەکەی پڕ سەوزە کردبوو و ھاتبووە ناوبازاڕ بیفرۆشێت، بەڵام پیاوێکی خەڵکی خانەقین بۆئەوەی مانگرتنەکە وەک خۆی بڕوات، سەوزەکانی لێكڕی و هەمووی بەخشی.
حسەن وەلی ئەو هاوڵاتییە بەجەرگەی خانەقین قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “نەک پارەی سەوزەی ئەو عارەبانەیە، پارەی 100 عارەبانەش دەدەم، پێنج کوڕم هەیە، ئامادەم لەسەر خاکی خانەقین هەر پێنجیان بدەم بەکوشت”.
حەسەن وەلی بە هاوارەوە داوا لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکات، بەهانای خانەقین و خانەقینییەکانەوە بچن و دەڵێت، “خانەقین تەعریب دەکرێت، فریامان کەون”.
ئەمڕۆ چوارشەممە 25.2.2026 هاوڵاتیان و کاسبکارانی خانەقین دژی بڕیاری وەزارەتی پلاندانانی عێراق بۆ بەقەزاکردنی جەلەولا (گوڵاڵە) دوکان و بازاڕیان داخست و ئەوان دەڵێن کە، “بەو بڕیارە خانەقین وەک تاکە قەزا بەتەنیا ماوەتەوە”.
جگە لە کاسبکاران و دوکانداران، فەرمانگە حکومییەکانی خانەقینیش مانگرتنی گشتیان راگەیاند.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری