"موەلیدە عالەمی نەخۆش خست"

هاوڵاتییەک لە کارەبای 24 کاتژمێری رازییە و پێی هەرزانە

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

پێچەوانەی بەشێک لە هاوڵاتیان کە لە پڕۆژەی رووناکی ناڕازین و پێیانوایە پارەی زۆریان بۆ دێتەوە، هاوڵاتییەکی سلێمانی کارەبای 24 کاتژمێری بە پڕۆژەیەکی سەرکەوتوو دەزانێت و داوا دەکات، هەرگیز موەلیدە نەهێننەوە ناو کوچە و گەڕەکەکان.

شێخ حسێن شێخ جاسم قسەی بۆ مایکی 964 کردووە و دەڵێت، “گرمە و دووکەڵی موەلیدە عالەمی تووشی نەخۆشی کردووە، موەلیدە بەهیچ شێوەیەک نەیەتەوە”.

“ئەو کەسانەی دەڵێن، بەهۆی کارەبای 24 کاتژمێرییەوە مانگانە پارەیەکی زۆریان بۆ دێتەوە، سەربە موەلیدەکانن و راست ناکەن”، شێخ حسێن وادەڵێت.

ئاماژەی بەوەشکرد، لە هاویندا مانگانە 15 بۆ 20 هەزار دینار پارەی کارەبای بۆ هاتۆتەوە، با لە زستاندا کەمێک زیاتری بۆ بێتەوە و هەر ئەوە باشترە لەوەی پارەیەکی زۆر بدات بە نەوت.

ئەوەش لەکاتێکدایە لە ماوەی رابردوودا خەڵكێکی زۆر لە هەرێمی کوردستان دژی پڕۆژەی رووناکی و کارەبای 24 کاتژمێری ناڕەزاییان دەربڕیوە و پێیانوایە ئەم چەند مانگ زستانە، پارەی کارەبا زۆر کەوتووە لەسەریان.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری