"هەركەسمان بدۆڕی دەچینەوە مارێ"
گهورهترین خولی كڵاوكڵاوێن لە دارەتوو بەڕێوەدەچێت
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
بە بەشداریی زیاتر لە هەزار یاریزان لەگەڵ كەشوهەوای شەوانی مانگی پیرۆزی رەمەزان، خولێكی گهورهی یاریی كەڵەمستانێ یان كڵاوكڵاوین لە ناحیەی دارەتوو لە هەولێر دەستیپێكردووە.
تیپی قەزا و ناحیە و گوندەكان و ناوشاریش بەشدارن، عەبدولباست مەنتک رێكخەری خول بە 964ی راگەیاند، خولەكە لەگەڵ رەمەزان دەستیپێكردووە و تا 25ی رەمەزان بەردەوام دەبێت، لە كۆتاییشدا تیپە براوەكان خەڵات دەكرێن.
كامێرای 964 لە نێو كەشی یارییەكان و بەشداریی یاریزانەكان وێنە و دیمەنەكانی تۆمار كرد و بەشداربووان بە گەرموگوڕییەكی زۆرەوە یاریی دەكەن.
سوارە مەرزانی، یەكێك لە یاریزانەكانە و دەنگی خۆشە بۆ حەیران، ئەو حەیرانێكی پێشكەشی بینەرانی 964 كرد و دەشڵێت، هەموو رەمەزانێك بەشداریی دەكەین، ئەمە یاریی باوباپیرانمانە و ناتوانین وازی لێ بهێنین.
یاریی كڵاوكڵاوێن، یان كەرەمستانی یارییەكی كۆنە و زستانان لە دیوەخانی كوردەواریدا دەكرێت، ئەنگوستیلەیەك لە نێوان ژمارەیەك كڵاو دەشاردرێتەوە و دوو تیپ ركابەریی دەكەن.
لەم ساڵانەی دواییشدا لە رەمەزانان دەكرێ و خول و پاڵەوانیەتییەكی بۆ دەكرێتەوە وەك پێشبڕكێیەكی كەلەپووری و كوردەواری، هەروەها یاریی دیكەی وەك سینی و زەرفیش هەیە، كە ئەنگوستیلەیەك لە ناو چەند كاسەیەكی بچووك لەسەر سینییەك دەشاردرێتەوە.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵا