راپۆرتی 20 ساڵی ماددەی 140ـی بڵاوکرایەوە
حکومەتی عێراق لە 7 ساڵی جیاوازدا “سفر” دیناری بۆ ماددەی 140 تەرخانکردووە
وریا فەتاح
فەرمانگەی میدیا و زانیاری ڕاپۆرتێکی لەسەر دۆخی ماددەی 140 لە نێوان ساڵانی 2005 بۆ 2025 بڵاوکردەوە، کە تێیدا وردەکاریی “تەعریبی سپی” و زیانەکانی دوای 16ـی ئۆکتۆبەر ئاشکرا دەکات.
بەپێى راپۆرتەکە، رووداوەکانی 16ـی ئۆکتۆبەری 2017 تەنیا سەربازی نەبوون، بەڵکو گۆڕانکاریی دیمۆگرافی و کارەساتی ئیدارییان بەدوای خۆیاندا هێناوە، بەتایبەت لە خورماتوو.
زیانەکانی خورماتوو بە ژمارە:
قوربانی: 15 شەهید و 115 بریندار لە ریزی هاوڵاتیانی مەدەنی.
تاڵانکردن: 3150 ماڵی کورد تاڵان کراون.
سوتاندن: 530 خانوو و دوکان و 21 کارگە و قوتابخانە سوتێنراون یان تەقێنراونەتەوە.
ئاوارەبوون: زیاتر لە 53,000 کەس لە قەزاکە ئاوارە بوون.
تەعریبی سپی و ئیداری:
راپۆرتەکە دەڵێت ستراتیژێک بۆ گۆڕینی ناسنامەی ناوچەکان بەڕێوەدەچێت:
پۆستەکان: 10 پۆستی باڵا لە کەرکوک و 10 پۆست لە شەنگال لە کورد سەندراونەتەوە.
زەوی: گرێبەستە کشتوکاڵییەکانی سەردەمی بەعس زیندووکراونەتەوە و عەرەب هێنراوەتە سەر زەویی جوتیارانی کورد لە (کەرکوک، داقوق و سەرگەڕان).
ناسنامە: فۆرمی خۆراک و ناسنامەی هەزاران خێزانی عەرەب گواستراوەتەوە بۆ کەرکوک.
پارە بۆ ماددەی 140 خەرج ناکرێت
لە رووی داراییەوە حکومەتی عێراق کەمتەرخەم بووە:
لە ساڵانی (2014، 2015، 2018 تا 2021) بڕی بودجە بۆ ئەم ماددەیە “سفر” دینار بووە.
لە ماوەی 20 ساڵدا تەنیا 2.08 تریلیۆن دینار خەرجکراوە، لەکاتێکدا 118,000 دۆسیە چاوەڕێی یەکلاییکردنەوەن.
لایەنی یاسایی:
راپۆرتەکە جەخت دەکاتەوە کە دادگای فیدراڵی بە بڕیارەکانی ژمارە 113ـی ساڵی 2017 و 71ـی ساڵی 2019، هەموو هەوڵێکی بۆ هەڵوەشاندنەوەی ماددەکە رەتکردووەتەوە و دەڵێت: ماددەی 140 تا ئەنجامدانی راپرسی بە زیندوویی دەمێنێتەوە.