قایمقام: دەبێت ئەو کەسە بە تووندترین شێوە سزابدرێت
کەسێک 70 داری لە دارستانی سەیدسادق بڕیوەتەوە
+964
ئەحمەد مستەفا – سلێمانی
لە دارستانی قەزای سەیدسادق، نزیکەی 70 دار، کە مەزەندە دەکرێت تەمەنیان لە نێوان 20 بۆ 25 ساڵدا بێت، براونەتەوە و کەسی ئەنجامدەریش فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە.
رووداوەکە بەرەبەیانی ئەمرۆ شەممە 11.3.2023 روویداوە، لە شوێنی رووداوەکە دەست بەسەر ماتۆڕسکیلێک و مشارێکی داربڕینەوە و پاشماوەی دارەکاندا گیراوە، کە دەکەونە سنووری جوگرافیی شاخی سەیدسادق.
رەزا محەمەد، قایمقامی سەیدسادق بە تۆڕی 964 ی وت، “کەسەکە ناسراوەتەوە بە بڕیاری دادوەر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە، بەڵام تا ئێستا لە سۆراغداین بە مەبەستی دەستگیرکردنی”.
قایمقامی قەزاکە دەڵێت، ” ئەوەی روویداوە تاوانێکە بەرامبەر ژینگەی شارەکە، بەپێی یاسا ئەو کەسەی هەستاوە بەو تاوانە دەبێت بە توندترین شێوە سزابدرێت، ئیمە زۆر بە داخین بۆ ئەو حاڵەتەی روویداوە”.
حەمەنەجیب ئەحمەد، کە هاوڵاتییەکی دانیشتووی قەزای سەیدسادقە و یەکێکە لەو هاوڵاتییانە بەشداربووە لە گەشەپێدان و ئاودانی دارەکان، لە بارەی رووداوەکەوە دەڵێت، “ئاخر ئەو هەموو ساڵە بە چی قەرەبوو دەبێتەوە، ئێمە و دەیان گەنج رۆژانە لە خزمەتی ئەم دارانەدا بووین”.
پێداچوونەوە: ئەرسەلان عەبدوڵڵا