راگەیاندراوی بەدواداهات

كۆبوونەوەكەی هێزە سیاسییەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان بێدەنگ تێنەپەڕی

964+

ئەرسەلان عەبدوڵا

پێنج حزبی رۆژهەڵاتی كوردستان كۆبوونەوە و باسیان لە گۆڕانكارییە چاوەڕوانكراوەكانی ئێران كرد، وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان زوو هاتەدەنگ و راگەیاندراوی بڵاوكردەوە.

ئەمڕۆ یەكشەممە 22.2.2026 پێنج حزبی سیاسی رۆژهەڵاتی كوردستان، كە پێكهاتبوون لە (حیزبی دێموکراتی کوردستانی ئێران، پارتی ئازادیی کوردستان، پارتی ژیانی ئازادی کوردستان، سازمانی خەباتی کوردستانی ئێران و کۆمەڵەی زەحمەتکیشانی کوردستان) كۆبوونەوەیان كرد، بەڵام دیار نییە لە كوێ كراوە، سەبارەت بە رەوشی ئێستای ئێران راگەیاندراویان بڵاوكردەوە و دەڵێن “هاوپەیمانییەکی سیاسیی نوێمان راگەیاند”، كە مەبەستیان دەستەبەرکردنی ماف و ئازادییەکانی خەڵکی کوردستانە، هەروەها چۆنیەتیی داڕشتنەوەی ئێرانی داهاتووە

جگ لەوە باسی ئەوەیان كردووە، ئامادەن هاوكاری لایەنەكانی دەرەوەی هاوپەیمانییەكە بكەن، بانگهێشتی لایەنەكانی دیكەش بۆ هاوپەیمانییەتییەكە دەكەن.

وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی كوردستان دیارە بەو راگەیاندراوە تەنگەتاو بووە و وەڵامی بۆ ئەمە هەبوو، بە جۆرێك ئەمشەو راگەیاندراوێكیان بڵاوكردەوە و تێیدا هاتووە: “رێگە نادەین هیچ لایەنێک هەرێمی کوردستان لە دژی هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکاربهێنێت”

دەشڵێن، “چەند لایەنێك هەڕەشەیان لە وڵاتێكی دراوسێ كردووە، هەرێمی كوردستان هیچ كاتێك هەڕەشە نەبووە بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ، بەڵكو هەرێم فاکتەری سەقامگیری و ئارامی بووە لە ناوچەکەدا”

"رێگە نادەین هەرێم لەدژی هیچ وڵاتێکی دراوسێ بەکاربهێنرێت"