چوارەم راهێنەرە لەم وەرزەدا

یانه‌ی هه‌ولێر راهێنه‌ری نوێی ده‌ستنیشان كرد

964+
ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵڵا

یانه‌ی هه‌ولێر هه‌ریه‌كه‌ له‌ عه‌باس عوبێد و حوسام فه‌وزی، یاریزانانی پێشووی هه‌ڵبژارده‌ی عێراقی وه‌ك راهێنه‌ر و یاریده‌ده‌ر بۆ مه‌شقی یانه‌كه‌ی ده‌ستنیشان كردووه‌.

ئیبراهیم قادر به‌رپرسی راگه‌یاندنی یانه‌ی هه‌ولێر به‌ تۆڕی 964ی وت، عه‌باس عوبێد وه‌ك راهێنه‌ر و حوسام فه‌وزی وه‌ك یاریده‌ده‌ری بۆ مه‌شقی تیپی تۆپی پێی یانه‌ی هه‌ولێر ده‌ستنیشان كران.
وتیشی، “ئه‌مڕۆ ئێواره‌ پێش یه‌كه‌ی مه‌شقیی یانه‌كه‌مان، راهێنه‌ری نوێ بۆ میدیاكان قسه‌ ده‌كات”.

عه‌باس عوبێد ده‌بێته‌ چواره‌م راهێنه‌ر له‌م وه‌رزه‌دا مه‌شقی یانه‌ی هه‌ولێر له‌ ئه‌ستۆ بگرێت، دوای هه‌ریه‌كه‌ له‌ “نزار مه‌حرووس، غازی فه‌هد و عه‌بدولقادر حوسێن”.

ئیبراهیم قادر ئاماژه‌ی به‌وه‌ دا، عه‌بدولقادر حوسێن هه‌روه‌ك یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ر له‌ ئه‌ركه‌كه‌ی به‌رده‌وام ده‌بێت، هه‌روه‌ها جه‌وده‌ت سلێمان وه‌ك راهێنه‌ری گۆڵپارێزه‌كان ده‌ستبه‌كار ده‌بێت.
تیپی تۆپی پێی یانه‌ی هه‌ولێر ئه‌م وه‌رزه‌ بارودۆخێكی سه‌خت تێده‌په‌ڕێنێت و ئاست و ئه‌نجامه‌كانی باش نین، ئێستاش تیپه‌كه‌ له‌ پله‌ی 16یه‌ و 19 خاڵی هه‌یه‌.

عه‌باس عوبێد یاریزانی پێشووی تۆپی پێی عێراقه‌، تاكه‌ پیشه‌گه‌ری عێراقییش بووه‌ له‌ كۆریای باشوور له‌ ناوه‌ڕاستی نه‌وه‌ده‌كان، كه‌ بۆ یانه‌ی بۆهانگ ستیله‌رز یاریی ده‌كرد.

عوبێد له‌ كاری مه‌شقدا پێشتر مه‌شقی به‌ یانه‌كانی سناعاتی كاره‌بایی، شوڕته‌ و نه‌فتی میسان داوه‌، هه‌روه‌ها وه‌ك یاریده‌ده‌ری راهێنه‌ریش به‌شداربوو له‌ سه‌رخستنی هه‌ڵبژارده‌ی ئۆڵمپیی عێراق بۆ ئۆڵمپیادی ریۆ له‌ 2016.