ئەندامێکی پەرلەمانی ئەوروپا بۆ 964:

“قەرزاری رۆژئاواین و دەبێت کۆتایی بە گەمارۆی سەر کۆبانێ بهێنین”

964+

عەبدولعەزیز خالند – هەولێر

ئەندامێکی پەرلەمانی ئەوروپا دەڵێت، قەرزاری رۆژئاوای کوردستانن، بۆیە داوا دەکات، زۆرترین فشار بخرێتە سەر حکومەتی سوریا بۆ ئەوی مافی خەڵکی ئەو پارچەیەی کوردستان بدات و کۆتاییش بە گەمارۆی سەر کۆبانێ بهێنێت.

یۆناس سیۆستێت ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ 964 وتی، “بۆ ماوەی سێ رۆژ سەردانی رۆژئاوامان کرد وەک ئەندامی پەرلەمانی ئەوروپا، پێمانوایە دۆخەکە زۆر هەستیارە، بۆیە گرنگە توندوتیژییەکان رابگیرێن و چیتر هێرش نەکرێتە سەر دانیشتوانی کورد و پێویستە رێز لەو رێککەوتنەی نێوان حکومەتی سوریا و دەسەڵاتە خۆجێییەکانی رۆژئاوا بگیرێت، واتە هەردوولا دەبێت رێز لەم رێککەوتنە بگرن بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکی ئاشتیانە رووبدات کە تێیدا مافی خەڵکی رۆژئاوا پارێزراو بێت. پێموایە دۆخێکی زۆر ناسک و دژوارە، هەروەها دەیان هەزار ئاوارەیان هەیە کە جورئەتی ئەوە ناکەن بگەڕێنەوە ماڵەکانیان، بۆیە پێویستیان بە ئاسایش هەیە، بەرپرسیارێتییەکی گەورە لە ئەستۆی حکومەتی دیمەشقە بۆ ئەوەی بیسەلمێنێت کە ئەمە بە توندوتیژی کۆتایی نایەت، بەڵکو بە رێزگرتن لە ناسنامەی کوردی و خەڵکی رۆژئاوا کۆتایی دێت”.

ئاماژەی بەوەشکرد، یەکێتی ئەوروپا رۆڵێکی گرنگی هەیە، چونکە یەکێتی ئەوروپا پشتیوانییەکی زۆری سوریا دەکات و دەبێت هەموو ئەو پشتیوانییانە بە مەرج بێت، تەنانەت یۆرۆیەکیش نابێت بەبێ رێزگرتن لە مافەکانی مرۆڤ و کەمینەکانی ناو سوریا چ کورد بن، عەلەوی بن، یان دروز بن بدرێت، چونکە سوریا زۆر پشت بە جیهانی دەرەوە دەبەستێت”.

“پێموایە لەم ساتەدا دەبێت گوشاری زۆر بخەینە سەر حکومەتی دیمەشق و کۆتایی بهێنین بە گەمارۆی سەر کۆبانێ، با ئاوارەکان بە سەلامەتی بگەڕێنەوە، و چارەسەرێکی سیاسی درێژخایەن بۆ دیموکراسی هەبێت”، یۆناس سیۆستێت وای وت.

ئەو ئەندامەی پەرلەمانی ئەوروپا وتیی، “بەڕای من قەرزێکی گەورەمان لە ئەستۆدایە بەرامبەر رۆژئاوا، بەتایبەتی کوردەکان کە زۆر بە قارەمانانە دژی داعش شەڕیان کرد، ئەوەش تەنیا لە بەرژەوەندی ئاسایشی ئەم ناوچەیە نەبوو، بەڵکو بۆ ئەوروپاش بوو. ئێستا کاتی قەرەبووکردنەوەیە؛ کاتی ئەوەیە بە دیمەشق بڵێین کە دەبێت رێز لە شێوازی ژیانی ناوچە کوردییەکانی سوریا بگرن”.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری

"دەبێت نووسەران و رۆشنبیران زیاتر پاڵپشتی رۆژئاوای کوردستان بكەن"