دوێنێ شەو چی روویدا؟
ئەمریکا فڕۆکەی زیاتری هێناوە و تەقینەوەکەی پیرەمەگروونیش پرسیاری زۆری دروست کردووە
964+
ئەرسەلان عەبدوڵا
لە دوێنێ ئێوارەوە چەند رووداوێکی خێرا و سەرنجڕاکێش روویانداوە، کە جێی سەرنج و مشتومڕن، یەکێک لەوانە تەقینەوەی ئۆتۆمبێلێک بوو لە نزیک پیرەمەگروون، کە دوو کەس کوژران و چیرۆکی جیاواز لە بارەی رووداوەکە دەکرێت، لەولاشەوە ئەمریکا هەروا دێ و فڕۆکە و هێزی زیاتر رەوانەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەکات و ئەگەرەکانی شەڕ لەگەڵ ئێران زیاتر بوون.
گرنگترین رووداوەکانی دوێنێ شەو ئەمانەن:
- ئۆتۆمبێلێکی جۆری لاندگرۆزەر لە نزیک گوندی “حەسەن تەپە”ی سنووری پیرەمەگروون دوێنێ ئێوارە تەقییەوە، بەهۆیەوە دوو کەس گیانیان لەدەست دا
- رێکخراوی CPTـی ئەمریکی لە بارەی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی نزیک پیرەمەگروون بۆ 964 پشتڕاستیان کردەوە بە درۆن هێرشی کراوەتەسەر و ئەو کەسانەی کراونەتە ئامانج ناسنامەیان ئێرانییە.
- دەزگاى ئاسایشى هەرێمى کوردستان لە بارەی رووداوی تەقینەوەی ئۆتۆمبێلەکەی نزیک پیرەمەگرون بڵاوى کردەوە، رووداوەكە رووداوێكی هاتوچۆی ئاسایی بووە و ئۆتۆمبێلەکە وەرگەڕاوە و دواتر گڕی گرتووە.
- ئاسایشی سلێمانی دەستگیرکردنی باندێکی بازرگانی بەچەک و تەقەمەنی لە تەوێڵە راگەیاند.
- لە شەوی رابردووەوە دەنگۆکانی هێرشی ئەمریکا بۆ سەر ئێران زۆرتر بووە، بەڵام کۆشکی سپی دووپاتیکردەوە دیپلۆماسی وەک رێگایەکی پەسەندکراوی سەرۆک دۆناڵد ترەمپ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ ئێران دەمێنێتەوە.
- سوپای ئەمریکا بە سەرۆکی وڵاتەکەیان راگەیاند، کە رۆژی شەممەی داهاتوو بە تەواوی ئامادە دەبن بۆ لێدانی ئێران
- بەرپرسێکی ئەمریکی بە میدیاکانی وڵاتەکەی راگەیاند، ئێران رازیی بووە پێشنیارێک بە نووسراو پێشکەش بکات لە بارەی چۆنیەتی چارەسەرکردنی کێشەکان و رەواندنەوەی ترسی ئەمریکا لە شێوازی گفتوگۆیەکانی ژنێڤ، چونکە بە قسەی وتەبێژی کۆشکی سپی، هێشتا ناکۆکیی گەورە هەیە.
ئەمریکا هەر خەریکی کۆکردنەوەی هێزە لە ناوچەکە و بە دەیان فڕۆکەی دیکە گەیشتنە ناوچەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، بە تایبەتی فڕۆکەی ئێف 35 و ئێف 22
- لە رۆژئاوای كوردستان هەڵمەتێك دەستپێكردووە، رێكخراو و كۆمەڵە و دەستەكانی تایبەت بە ژنان بەڕێوەی دەبەن دەڵێن، هەڵمەتەكە نیشتمانی و نێودەوڵەتییە بۆ دەستەبەرکردنی مافەکانی ژنان لە دەستووری نوێی سوریادا و داوای جێگیركردنی 50% بۆ پشكی ژنان دەکەن
- سوننەکانی عێراق بۆ بەربانگ و نوێژخوێندن لە مزگەوتی ئەلنوری موسڵ کۆدەبنەوە، ئەو مزگەوتەی نۆ ساڵ پێش ئێستا داعش وێرانی کرد و تەقاندییەوە.
عەبدولئەمیر رەشید یاروڵا، جارێکی دیکە بە سوپاسالاری نوێی عێراق هەڵبژێردرایەوە و ئەم پۆستە کە لە 2003 تا 2015 بۆ کورد بوو، ئەمجارەش لە دەست کورد چوو.
- بڕیار درا لە سەرەتای مانگی داهاتووەوە، هیچ هاوڵاتییەک ناتوانێت بە ئۆتۆمبێلی تایبەتی خۆی لە دەروازەکانی باشماخ و شۆشمێوە بچێتە ناو خاکی ئێران.
- وەزارەتی ناوخۆی عێراق رایگەیاند، مەفرەزەیەکی تایبەتی ئەوان چوونەتە ناو خاکی سوریا و لە پارێزگای حومس، دەستیان بەسەر بڕێکی زۆر ماددەی هۆشبەردا گرتووە و دوو بازرگانی نێودەوڵەتیشیان دەستگیرکردووە.
- بەڕێوەبەرایەتی خۆراکی دهۆک ئاگاداری سەرجەم ئەو هاوڵاتییانە دەکاتەوە، کە خێزانی نوێیان پێکهێناوە و کارتی نەوتیان دروست نەکردووە و پارساڵ ناوی خۆیان تۆمار کردووە، سەردانیان بکەن بۆ وەرگرتنەوەی کارتەکان.