لە درۆنەوە بۆ رووداوی هاتوچۆ
چیرۆکی ئەو لاندگرۆزەرەی لە پیرەمەگروون ئاگرى گرت و تەقییەوە
964+
وریا فەتاح
ئێوارەی ئەمڕۆ چوارشەممە، رووداوێکی تەقینەوە و ئاگرکەوتنەوە لە ئۆتۆمبێلێک لەسەر رێگای سلێمانی – دوکان، روویدا، بەڵام زانیاریى و لێدوانەکان دژ بەیەکن
سەرەتاى رووداوەکە:
کاتژمێر 7:40 خولەکی ئێوارە، لە نێوان پیرەمەگروون و بازگەی “کەڵەوانان”، ئۆتۆمبێلێکی لاندگرۆزەر ئاگری گرت، سیروان سەرحەد، قائیمقامی دوکان لە یەکەم لێدوانیدا بۆ 964 رایگەیاند: “رووداوەکە هاتوچۆ نییە و ئۆتۆمبێلێکی گولـلەنەبڕ تەقیوەتەوە، بەڵام نازانین درۆنە یان هۆکارێکی تر.”
سی پی تی: هێرشی درۆن بووە
دواتر، کامەران عوسمان ئەندامی تیمی کوردستانی رێکخراوی CPTـی ئەمریکی، کە تایبەتمەندن بە چاودێری بۆردوومانەکان، بە 964ـی راگەیاند: “هێرشەکە بە درۆن ئەنجامدراوە و دوو کەسى بە ناسنامە ئێرانی تێدا بووە، یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و ئەویتریان بریندارە.”
هێزە ئەمنییەکان رێگاکەیان داخست
بەهۆی قورسی رووداوەکەوە و گومانەکانى سەرى، هێزە ئەمنییەکان بۆ ماوەیەک سایدی سلێمانی – دوکانیان بە تەواوی بەربەست کرد و دەستیان بە لێکۆڵینەوەی ورد کرد لە شوێنی رووداوەکە.
درۆن نەبووە، رووداوێکى ئاسایى بووە
دوای چەند کاتژمێرێک لە گومان، دەزگای ئاسایشی هەرێم روونکردنەوەیەکی فەرمی بڵاوکردەوە و تەواوی ئەو هەواڵانەی رەتکردەوە کە باسیان لە “هێرشی درۆن” دەکرد. ئاسایش رایگەیاند: “ئەوەی بڵاوکراوەتەوە ڕاست نییە، رووداوەکە تەنیا رووداوێکی هاتوچۆی ئاسایی بووە، ئۆتۆمبێلەکە وەرگەڕاوە و بەهۆیەوە گڕی گرتووە.”