تا کۆرۆنا هەبوو ئیشیان پێیان بوو

میدیازان – دیلان محەمەد و هەژار ئەنوەر

زیاتر لە ٥٠٠ کارمەندی گرێبەستی تەندروستی لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران لە هەولێر گردبوونەتەوە و داوادەکەن بکرێنە کارمەندی هەمیشەیی.

لە دوێنێوە بایکۆتی دەوامکردنیان دەستپێکردووە، دەڵێن ناچنەوە ناو نەخۆشخانەکان تاوەکو نەکرێن بە هەمیشەیی.

“ناچنەوە ناو نەخۆشخانەکان تاوەکو نەکرێن بە هەمیشەیی”

بەوان دەوترێت کارمەندەکانی کۆرۆنا، لە تشرینی یەکەمی ٢٠٢٠ بە هۆی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا بە شێوەی گرێبەست لە نەخۆشخانەکان دامەزرێندران.

ژمارەیان بە دیاریکراوی ٥٠٢ کەسە لە سەرجەم هەرێمی کوردستان، لە دوو ساڵی کارکردنیاندا موچەیان هەر وەکو خۆیەتی و نەگۆڕاوە، چونکە هەمیشەیی نین.

موچەی ئەوانەی دەرچووی پەیمانگان ٤٢٥ هەزار دینارە، ئەوانەیشی دەرچووی زانکۆن ٥٢٥ هەزار دینارە.

“ئەوانەی دەرچووی پەیمانگان ٤٢٥ هەزار دینارە، ئەوانەیشی دەرچووی زانکۆن ٥٢٥ هەزار دینارە”

دانا رەئوف، نوێنەری کارمەندانی تەندروستی گرێبەستی کۆرۆنا بە میدیازانی وت، “ئێمە زیاتر لە دوو ساڵە بەشێوەی گرێبەست دەوام دەکەین و تاوەکو ئێستا نەیانکردووین بە هەمیشەیی، بۆیە لە بەردەم ئەنجومەنی وەزیران کۆبوینەتەوە”.

بە قسەی ئەو نوێنەرە، کارمەندانی سلێمانی ماوەی دوو مانگە، ئەوانەی هەولێریش ماوەی پێنج مانگە بەبێ موچە دەوام دەکەن.