داڕمانی شاخ له رێگای هاملتۆن به‌رده‌وامه
“رێگا به‌دیله‌كانی رێگای هاملتۆن زۆر سه‌لامه‌ت نین”
964+
ئاكام غه‌فور
هێشتا داڕمانی شاخ و به‌ردی رێگای هاملتۆن له نێوان ئیداره‌ی سۆران و چۆمان به‌رده‌وامه، سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سۆرانیش داوا له هاوڵاتیان ده‌كات خۆیان له رێگاكه نه‌ده‌ن و رێگای به‌دیلیش سه‌لامه‌ت نییه.
په‌یامنێری 964 له شوێنی داڕمانی شاخ و به‌ردی رێگای هاملتۆنه، به دیاریكراوی له نێوان هه‌ردوو گوندی ناوپردان و كه‌ورته.
تیمه‌كانی پاراستنی رێگاوبان و تیمی دیكه‌ش خه‌ریكی كارن و به‌دوای چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ی رێگاكه‌دان، كه رێگایه‌كی سه‌ره‌كییه و سۆران به چۆمان و حاجی ئۆمه‌ران و دواتریش ئێران ده‌به‌ستێته‌وه.
سه‌رپه‌رشتیاری ئیداره‌ی سۆران هه‌ڵگورد شێخ نه‌جیب به 964ی راگه‌یاند، داوا له هاوڵاتیان ده‌كه‌ن رێگاكه نه‌گرنه‌به‌ر، چونكه مه‌ترسیداره.
وتیشی، هێشتا رێگای جێگره‌وه‌ش دیاریی نه‌كراوه، كه‌سانێك كه شاره‌زا نه‌بن، رێگای جێگره‌وه‌ش مه‌ترسیداره و ئه‌گه‌ری هه‌یه تووشی رووداو ببن.
ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا، به هه‌موو لایه‌ك له تیمه‌كانی كردنه‌وه‌ی رێگا و پاراستنی رێگاوبان و لایه‌نه به‌رپرسه‌كان خه‌ریكی چاره‌سه‌ركردنی رێگاكه‌ن.
پێداچوونه‌وه: ئه‌رسه‌لان عه‌بدوڵا