هۆتێلێکی لە هەرێمی کوردستان کڕی و چوار ساڵ زیندانی بۆ دەرچوو

964+
فەهمی نەبی
دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق، فەرمانی چوارساڵ زیندانی بەسەر جێگری بەڕێوەبەری وەقفی سوننی عێراقی سەپاند، بەپێی بڕیارەکەی دادگا بێت، ئەو کاربەدەستە بەبێ هیچ فەرمانێکی رێگەپێدراوی فەرمی، هۆتێلێکی لە هەرێمی کوردستان کڕیوە.

رۆژی پێنجشەممە 9.3.2023 دەستەی دەستپاکی عێراق، هەواڵی دەستگیرکردنی جێگری بەڕێوەبەری ئەو وەقفە و سێ کارمەندی دیکەی بڵاوکردەوە.

بەگوێرەی ئەو هەواڵە بێت، جێگری بەڕێوەبەری وەقفی سوننی، بەبێ هیچ فەرمانێک “هۆتێل رامادا”ی لە هەرێمی کوردستان کڕیوە، کە پێچەوانەی رێنماییەکان بووە.

دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربوونەوەی گەندەڵی لە عێراق، چوارساڵ زیندانی بەسەر جێگری بەڕێوەبەری گشتی سندوقی وەبەرهێنانی وەقفی سوننی سەپاند، هاوکات سێ فەرمانبەری دیکەی هەمان دەستە، بەتۆمەتی واژۆکردنی بەڵگەنامەکانی کڕێن و فرۆشتن، هەریەکەیان ساڵێک زیندانیان بۆ دەرچوو.

بەگوێرەی بڕیارەی دادگای تاوانەکان، جێگری بەڕێوەبەری ئەو وەقفە لەسەر بنەمای مادەی 331-ی یاسای سزادانی عێراقی سزا دراوە.

دیوانی وەقفی سوننی، لەساڵی 2003 بەبڕیاری ژمارە 68ی ئەنجومەنی بڕیاردان دامەزراوە، خاوەنداریەتی هەموو شوێنە ئاینیەکانی سوننە دەکات لە عێراق، بەجۆرێک رۆڵی وەزارەتی ئەوقاف دەبینێت.