"موچەی مانگی 10ـیان بزرکردووە"

کەمئەندامانی سەنگەر ناڕازین؛ “موچەی مانگی یەکمان بەتەنیا ناوێ”

دیلان محەمەدجەزا – سلێمانی

بەشێک لە کەمئەندامانی سەنگەر لە سلێمانی لەبەردەم بانک گردبوونەوە و ناڕازین، ئەوان دەڵێن، موچەی مانگی یەکی ئەمساڵیان بەتەنیا ناوێ و داوای دوو موچەکەی مانگەکانی 9 و 10ـی ساڵی رابردووش دەکەن.

پێشمەرگە کەمئەندامەکانی سەنگەر دوو بەشن، بەشێکیان سەربە هێزەکانی 70ـن و موچەی مانگی 1ـی ئەمساڵ و مانگی 10ـی ساڵی رابردوویان وەرنەگرتووە و بەشێکیشیان سەربە هێزەکانی 80ـن و سێ موچەیان وەرنەگرتووە، ئەویش موچەی مانگەکانی 1ـی ئەمساڵ و 9 و 10ـی ساڵی پارە.

محەمەد بازیانی؛ لێپرسراوی لقی سلێمانی پێشمەرگە کەمئەندامەکانی سەنگەر بە 964ـی وت، “موچەی ئێمە پێشتر لەسەر وەزارەتی پێشمەرگە بوو و لەگەڵ هێزەکانی 70 و 80 موچەمان وەردەگرێت، بەڵام لە مانگی 9ـی ساڵی رابردووەوە موچەکەمان گوازرایەوە سەر وەزارەتی دارایی، ئێستا موچەی مانگی 10ـی ساڵی پارمان لە بەینی ئەو دوو وەزارەتە بزربووە”.

“رۆژی پێنجشەممە قەراربوو موچەی مانگی 10 و مانگی 1ـی ئەمساڵ بەیەکەوە وەربگرین، پسوڵەی هەردوو مانگەکەش هاتبووە بانک، بەڵام مانگی 10ـیان گەڕاندەوە، ئێمەش موچەی مانگی یەکمان بەتەنیا ناوێ”، محەمەد بازیانی وای وت.

ئاماژەی بەوەشکرد، گەورەترین غەدر لە کەمئەندامانی سەنگەر دەکرێت کە بەشێکیان لەسەر جێگادا کەوتوون و بەشێکیشیان بەهۆی نەخۆشی جۆراوجۆرەوە گیانیان لەدەستداوە.

جگە لەو چەند موچەیە، چارەنووسی موچەی مانگەکانی 11 و 12ـی ساڵی رابردووی کەمئەندامانی سەنگەر وەک موچەی هەموو فەرمانبەران و موچەخۆران، دیار نییە و کەس هەر باسیشی ناکات.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری