کورسییە هەڵواسراوەکە

پارێزگاری سەڵاحەدین چوو بۆ بەغدا و کوردی لە خورماتوو بێبەش کرد

964+

سیروان خورشید – دوزخورماتوو

تەنیا “دوو رۆژ” دڵخۆشی بوون، کوردانی خورماتوو کە ئومێدیان هەبوو کورسییەکی پەرلەمانی عێراقیان دەستبکەوێت، ئەمڕۆ بە یەکجاری لەدەستیاندا، ئەوەش دوای ئەوەی پارێزگاری سەڵاحەدین لە بڕیاری مانەوە لە پۆستەکەی پەشیمان بووەوە.

چیرۆکەکە پەیوەندی بە ئەنجامی هەڵبژاردنی 11.11.2025ـەوە هەیە، کە تێیدا “بەدر مەحمود فەحەل” پارێزگاری سەڵاحەدین لە لیستی (هاوپەیمانی جەماوەری نیشتمانی) سەرکەوت بۆ پەرلەمان، بەڵام ماوەی سێ مانگە ململانێ لەسەر ئەوە هەیە بچێتە پەرلەمان یان نا.

بەپێی یاسا، ئەگەر پارێزگار دەستبەرداری کورسییەکە بوایە و لە پۆستەکەی ئێستای بمایەتەوە، ئەوا مەلا “کەریم شوکر” وەک جێگرەوەی دووەمی لیستەکە دەبووە پەرلەمانتار، کە خەڵکی خورماتووە.
سیناریۆکە بەم شێوەیە بوو:
• هەفتەی پێشوو بەدر فەحەل سوێندی یاسایی خوارد و بوو بە پەرلەمانتار.
• دوێنێ بە نووسراوی فەرمی وتی “ناچمە پەرلەمان و دەمێنمەوە”، ئەمەش کورسییەکەی بۆ مەلا کەریم مسۆگەر کرد.
• ئەمڕۆ نیوەڕۆ، جارێکی تر چووەوە پەرلەمان و سوێندی یاسایی خوارد، بەمەش کۆتایی بە هیواکەی خورماتوو هێنا.

یاسین محەمەد، ئەندامی ئەنجومەنی پارێزگاری سەڵاحەدین بە 964ی وت، “ماوەی سێ مانگە مشتومڕی توند هەیە، لایەنەکان دەیانویست پارێزگار بچێتە پەرلەمان و کەسێکی تر شوێنەکەی بگرێتەوە”.

بە وتەی یاسین، لە چەند رۆژی رابردوودا نزیکەی 10 کەس (تەنانەت پارێزگاری پێشووتریش) خۆیان بۆ شوێنگرەوەی بەدر فەحەل کاندید کرد، بەڵام بەهۆی تەواونەبوونی نیسابی یاسایی، ئەنجومەن نەیتوانی پارێزگار هەڵبژێرێت، بۆیە بەدر فەحەل بەتەمای مانەوە بوو، بەڵام دواجار “فشار و هەرەشەی لایەنە سیاسییەکان” ناچاریان کرد ئەمڕۆ بچێتە پەرلەمان و کورسییەکە لە کورد وەربگرێتەوە.

پێداچوونەوە: وریا فەتاح

کورد کورسییەکەی خورماتووی بە نسیب بوو

کورد کورسییەکەی خورماتووی بە نسیب بوو