170 برینداریشی لێکەوتەوە
ئاماری کوژراوانی تەقینەوەکەی ئیسلام ئاباد بۆ 31 کەس بەرزبووەوە
ژێوار خدر
ئاماری ئەو کەسانەی لە تەقینەوە خۆکوژییەکەی ناو مزگەوتی “خەدیجەتول کوبرا” لە ئیسلام ئابادی پایتەختی پاکستان گیانیان لەدەستداوە بە شێوەیەکی بەرچاو بەرزبووەوە، ئەوەش دوای ئەوەی هێرشبەرێکی خۆکوژی لە کاتی نوێژی هەینیدا و لە ناو نوێژخوێناندا خۆی تەقاندەوە.
بەپێی ئامارە نوێیەکان کە ئاژانسی رۆیتەرز لە زاری بەرپرسانی پۆلیس و حکومەتی پاکستانەوە بڵاویکردوونەتەوە، تا ئێستا کوژرانی 31 کەس و برینداربوونی نزیکەی 170 کەسی دیکە پشتڕاستکراوەتەوە، تەقینەوەکە لە ناوچەیەکی نیمچە شارستانی لە دەوروبەری پایتەخت روویداوە و بەهۆی بەهێزییەکەیەوە زیانێکی زۆری بە بینای مزگەوتەکە و دەوروبەری گەیاندووە.
وێنەکانی شوێنی رووداوەکە نیشانی دەدەن کە پاشماوەی تەقینەوەکە و شوێنەواری خوێن بە تەواوی هۆڵی مزگەوتەکەدا بڵاوبووەتەوە، دەیان لە بریندارەکانیش لە باخچەکانی دەرەوەی مزگەوتەکە کەوتوون و تیمەکانی فریاگوزاری سەرقاڵی گواستنەوەیانن.،ئەم هێرشە یەکێکە لە خوێناویترین رووداوەکانی ئەم دواییەی پاکستان و تائێستاش هیچ گروپێک بە فەرمی بەرپرسیارێتی خۆی لە ئەنجامدانی رانەگەیاندووە.