"ئەوەی لە بازاڕی جیهان هەیە لە کوردستانیش هەیە"
سەفین دزەیی لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێرە بۆ ئۆتۆمبێل
رێباز خدر
لە پێشانگای نێودەوڵەتی هەولێر، 142 کۆمپانیا دەرگایان بۆ ئاشقانی ئۆتۆمبێل واڵا کرد، لە نمایشەکەدا هەموو شتێک هەیە، لە ئۆتۆمبێلی مۆدێل بەرزەوە تاوەکو پارچەی یەدەگ و جوانکاری، سەفین دزەیی لەوێ بوو و پێشانگاکەی وەک دەرفەتێکی ئابووری گرنگ ناوبرد.
سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە 964ـی وت، ئەم جۆرە پێشانگایانە زیاتر کوردستان بە دنیای دەرەوە ئاشنا دەکەن و سیاسەتی هەرێمی کوردستانیش ئەوەیە، فرەچەشنی ئابووری و بازاڕی ئازاد هەبێت هەموو جۆرە پێداویستی و کەلوپەلێک بۆ هاوڵاتییان دابین بکات و بازاڕی کوردستانیش بووژانەوە بەخۆیەوە ببینێت.
وتیشی، دەستخۆشی لە رێکخەرانی پێشانگاکە دەکەم ئەم ژمارە زۆرەی ئۆتۆمبێلەی لێرە هەن کواڵیتییەکانیان و مۆدێلەکانیان هەمان ئەوانەن کە لە بازاڕەکانی جیهان پێشکەش دەکرێن.
سەفین دزەیی باسی لەوەش کرد، کە حەزی لە ئۆتۆمبێلی کلاسیکی ساڵانی 80کانە و نەیەویست ناوی ئەو براندە بڵێت کە براندی دڵخوازییەتی.
پێداچوونەوە: ژێوار خدر