رێنمایی هەموارکرایەوە

لە ئەمڕۆوە پێدانی زەوی بە گرێبەستەکان جێبەجێ دەکرێ

ئەحمەد مستەفا

حکومەت بڕیاریدا فەرمانبەرانی گرێبەست، هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی، زەوییان پێبدرێت، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی هەموارکردنەوەی رێنوێنییەکانی وەزارەتی شارەوانیە و لە ئەمڕۆوە جێبەجێ دەکرێت.

لە هەرێمی کوردستان نزیکەی 30 هەزار و 364 فەرمانبەری گرێبەست هەن، کە بەشێکی زۆریان زیاتر لە هەشت ساڵ خزمەتیان هەیە.

بەپێی بڕیارێکی نوێی حکومەتی هەرێمی کوردستان، دابەشکردنی زەوی فراوانتر کراوە و سەرجەم ئەو فەرمانبەرانەش دەگرێتەوە کە گرێبەستن.

ئەمڕۆ چوارشەممە 4.2.2026، وەزارەتی شارەوانی رێنوێنییەکانی دابەشکردنی زەوی هەموار کردووەتەوە و بەپێی هەموارکردنەکە، فەرمانبەرانی گرێبەست وەک فەرمانبەرانی شارستانی و سەربازی، مافی وەرگرتنی زەوییان دەبێت.

فەرمانبەرانی گرێبەست کە خزمەتی هەشت ساڵ یان زیاتریان هەبێت و پێشتر زەوییان وەرنەگرتبێت، هاوشێوەی فەرمانبەرانی هەمیشەیی، زەوییەکی 200 مەتر دووجایان پێدەدرێت.