14 خاڵ و چوار قۆناغ

دەقی رێککەوتنە نوێیەکەی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات و حکومەتی سوریا بڵاوكرایەوە

ئەرسەلان عەبدوڵا

ئەمشەو دەقی رێككەوتنە نوێیەكەی نێوان هێزەكانی سوریای دیموكرات (هەسەدە) و حکومەتی كاتیی سوریا بڵاوكرایەوە، كە لە 29.1.2026 واژۆ كراوە.

رێككەوتنەكە لە 14 خاڵ و چوار قۆناغ پێكهاتووە و پێویستە لە یەك مانگدا جێبەجێ بكرێت، هەروەها قۆناغی پێنجەمیشی هەیە، کە پابەندبوونێکی هەمیشەیی لەخۆدەگرێت.

بەپێی بەڵگەنامەی رێككەوتنەكە، ماددەکانی رێککەوتنەکە بەسەر مەلەفی سەربازی، ئەمنی، کارگێڕی و ئابووریدا بەم شێوەیە دابەشکراون:

ئاگربەست و زیندانەکان:

ئاگربەستی هەمیشەیی و هەمەلایەنە رادەگەیەنرێت، هاوکات لەگەڵ راگرتنی هەموو هەڵمەتەکانی دەستگیرکردن و هەڵمەتەکان، هێزەكانی هەسەدە بەردەوام دەبن لە پاراستنی زیندانەکانی داعش و پاڵپشتی لۆجستیکی تەواو بۆ ئۆپەراسیۆنەکانی گواستنەوە.

کشانەوەی سەربازی:

هێزەكانی هەسەدە لە هەردوو شاری حەسەكە و قامیشلۆ دەكشێنەوە بۆ ئەو سەربازگانەی لەسەری رێككەوتوون، هێزەكانی سوریاش بۆ شارۆچكەی شەدادی لە باشووری حەسەكە دەكشێنەوە.

پێکهێنانی هێزێکی سەربازی لە حەسەکە:

وەزارەتی بەرگریی سوریا فیرقەیەکی سەربازی تایبەت بۆ پارێزگاری حەسەکە پێکدەهێنێت و هێزەکانی هێزەکانی هەسەدەش لەم فیرقەیەدا یەکدەخرێن و لە سێ لیوا پێکدێن.

هێزەکانی کۆبانی:

هێزە سەربازییەکانی کۆبانی لە سنووری پارێزگای حەلەب لە ژێر فەرماندەیی فیرقەیەکی سەربازیدا لە لیوایەکدا یەکدەخرێن.

دۆسیەی ئاسایش و وەزارەتی ناوخۆ:

15 ئۆتۆمبێلی سەر بە هێزە ئەمنییەکان دەچنە ناو شارەکانی حەسەکە و قامیشلۆ بۆ بەهێزکردنی ئاسایش و سەقامگیری، هەروەها بۆ دەستپێکردنی پرۆسەی تێکەڵکردنی هێزە ئەمنییەکانی سەر بە هەسەدە (ئاسایش) لە وەزارەتی ناوخۆدا.

دابەشکردنی پۆستە باڵاکان:

دانانی پارێزگاری حەسەکە (کە لە لایەن هەسەدەوە) دیاریی كراوە.

دانانی بەرپرسی پۆلیس (لەلایەن حکومەتی سوریاوە) کاندید کراوە.

دانانی جێگری وەزیری بەرگری (لەلایەن هەسەدەوە) کاندید کراوە.

رادەستکردنی شوێنە هەستیارەکان:

رادەستکردنی کێڵگە نەوتییەکانی رمێلان و سوەیدیە و تێکەڵکردنی فەرمانبەرە مەدەنییەکانیان بە وەزارەتی وزە، رادەستکردنی فڕۆکەخانەی قامیشلۆ بە دەستەی فڕۆکەوانی شارستانی.

دەروازە سنوورییەکان:

ناردنی تیمێک لە دەسەڵاتی دەروازە سنوورییەکانەوە بۆ دەروازە سنوورییەکانی سێمالکا و نوسەیبین بۆ بە فەرمیکردنی دامەزراندنی کارمەندانی مەدەنی و رێگریکردن لە بەکارهێنانی دەروازەکان بۆ بەقاچاخبردنی چەک و کەسانی بیانی و دەستبەجێ کردنەوەی دەروازەکان.

دامەزراوە مەدەنییەکان:

حکومەتی سوریا سەرپەرشتی سەرجەم دامودەزگا مەدەنییەکانی پارێزگای حەسەکە دەکات و دامودەزگاکانی ئیدارەی خۆسەر بە دامودەزگاکانی دەوڵەتدا تێکەڵ دەکات، بە فەرمی کارمەندە مەدەنییەکانیان دادەمەزرێنێت.

هێزە سەربازییەکان قەدەغەکراون لە شارەکان:

هاتنی هێزی سەربازی بۆ ناو شار و شارۆچکەکان لەلایەن هەموو لایەنەکانەوە قەدەغەیە، بەتایبەتی لە ناوچە کوردنشینەکان.

دانپێدانانی بڕوانامەی ئەکادیمی:

هەموو ئەو بڕوانامانەی کە لەلایەن قوتابخانە و پەیمانگا و زانکۆکانی سەر بە ئیدارەی خۆسەر لە باکوور و رۆژهەڵاتی سوریا دەردەچن، پرۆسێس دەکرێن و پەسەند دەکرێن.

مۆڵەتدان بە رێکخراوەکان و میدیاکان:

مۆڵەت بە هەموو رێکخراوە ناوخۆیی و رۆشنبیری و میدیاییەکان دەدرێت بەپێی ئەو یاسایانەی، کە لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکاندا کارپێکراون.

پەروەردەی کوردی:

کارکردن لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە بۆ گفتوگۆکردن لەسەر پەروەردەی کۆمەڵگەی کوردی و رەچاوکردنی پێداویستییە پەروەردەییە تایبەتەکانی.

گەڕانەوەی ئاوارەکان (عەفرین و سەرێكانیێ):

دڵنیابوون لە گەڕانەوەی سەرجەم ئاوارەکان بۆ شار و گوندەکانی خۆیان لە (عەفرین، شێخ مەقسوود، و سەرێکانیێ) و دانانی بەرپرسانی ناوخۆیی لەناو ئیدارە مەدەنییەکان لەو ناوچانە.