ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق
"لەسەر حیسابی هاوڵاتی و فەرمانبەرانە"
موچەی سێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق زیاتر لە شەش ترلیۆن دینارە
ئەرسەلان عەبدوڵا
روانگەی ئیکۆ عێراق ئاشكرای كرد، موچەی هەرسێ سەرۆكایەتییەكەی عێراق 11.5%ی كۆی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت پێكدەهێنن، ئەمەش بە بڕوای ئەوان زێدەڕۆیی و ناڕەوایە بەراورد بە موچەی فەرمانبەرانی ئاسایی.
روانگەکە لە راگەیاندراوێكدا دەڵێت: “کۆی موچەی فەرمانبەرانی دەوڵەت تا مانگی تشرینی دووەمی ساڵی 2025 نزیکەی 56 ترلیۆن دینار بووە، هاوکات موچەی ئەنجومەنی وەزیران نزیکەی 5.9 ترلیۆن بووە، پەرلەمان 0.5 ترلیۆن و سەرۆکایەتی هەرێم 0.04 ترلیۆن دینار بووە، بەمەش کۆی موچەی ئەو سێ دامەزراوەیە 6.46 ترلیۆن دینار.”
روانگەکە پێیوایە، “ئەم خەرجییە فەلەکییانە لەلایەن حکومەت لەسەر حیسابی خزمەتگوزارییە گشتییەکان دێت کە هاوڵاتیان راستەوخۆ پێویستیان پێیەتی، بەهەدەردانی سامانی گشتی پێکدەهێنن”.
ئاماژەی بەوەش کردووە، “ئەو دامەزراوانە خزمەتگوزاریی راستەوخۆ پێشکەش ناکەن، هاوڵاتیش ئەزموونی خزمەتگوزارییەکانیان ناکەن، لەکاتێکدا ملیۆنان فەرمانبەر موچەی کەم وەردەگرن بۆ کارەکانی رۆژانەیان”.
روانگەكە دەڵێت، “بەردەوامی ئەم دۆخە رەنگدانەوەی کەلێنێکی روونە لە ئەولەویەتی خەرجییەکانی حکومەت، هەروەها پرسیاری جددی لە بارەی دادپەروەری دابەشکردنی سامانی گشتی دەوروژێنێت”.