"هیچ وشەیەک نادۆزمەوە پێناسەی ئەم هەستەی ئێستام بکات"
لە بەردەم مزگەوتی شەهید سەردار خەڵكیکی زۆر لە پێشوازی تەرمی شەهید ئەحمەد وەستاون
964+
عەبدولعەزیز خالند – هەولێر
لە بەردەم مزگەوتی شەهید سەردار سەعید سۆفی لە هەولێر خەڵكیکی زۆر لە پێشوازی تەرمی شەهید ئەحمەد هێمن وەستاون و چاوەڕێی گەیشتنی تەرمەکەی دەکەن.
شادان حەبیب یەکێکە لەو هاوڵاتیانە و بە چاوی پڕ فرمێسکەوە قسەی بۆ مایکی 964 کردووە، ئەو دەڵێت، “شەهید ئەحمەد ناناسم و لە نزیکەوە نەمبینیوە، بەڵام هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و کوردایەتی وای لێکردم بێمە ئێرە”.
“کوردبوون زۆر بەئازارە، هیچ وشەیەک نادۆزمەوە پێناسەی ئەم هەستەی ئێستام بکات، بۆچی دەبێ بەردەوام ئاوارە بکرێین و لێبدرێین”، شادان حەبیب وادەڵێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، کۆبوونەوە و یەکدەنگی ئەم هەموو خەڵکە زۆر جێی دڵخۆشییە بەڵام خۆزگە ئەم کۆبوونەوانە بۆ خۆشی بووایە نەک پێشوازی لە تەرمی شەهیدێک.
ئەحمەد هێمن گەنجێکی خەڵکی کەرکوک بوو، لە سەرەتای سەرهەڵدانی گرژی و ئاڵۆزییەکان لە رۆژئاوای کوردستان، لەگەڵ چەند گەنجێکی هاوڕێی بۆ پشتیوانی لە شەرڤانان چووە ئەو بەشەی کوردستان و گیانی لەپێناو پاراستنی خاک و نیشتمان بەخت کرد.
پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری