"رەفتارێکی تاکەکەسییە و تەعبیر لە سوپا ناکات"

سەربازەکەی سوپای عێراق لێکۆڵینەوەی لەگەڵ دەکرێت

کاروان ساڵحی – کەرکوک

ئەو سەربازەی سوپای عێراق کە پۆستاڵەکەی بەڕووی کوردانی گەڕەکی نەورۆز و رۆژنامەنوسان بەرزکردەوە، لەسەر داواکاری پارێزگاری کەرکوک لیژنەی لیکۆڵینەوەی لەسەر دروست دەکرێت و سزا دەدرێت.

سەرچاوەیەکی تایبەت لە ئیدارەی کەرکوک بە 964ـی وت، “دوای ئەوەی سوپای عێراق هەڵیکوتایە سەر ماڵی چەند کوردێکی گەڕەکی نەورۆز و خاوەن ماڵەکەیان دەربەدەر کرد، یەکێک لە سەربازەکانی سوپای عێراق، لەکاتی وێنەگرتنی لەلایەن رۆژنامەنوسانەوە، توڕە بوو و پۆستاڵەکەی پێی بەڕووی کوردانی گەڕەکی نەورۆز و رۆژنامەنوسان بەرزکردەوە”.

ئاماژەی بەوەشکرد، دوای ئەو رووداوە، رێبوار تەها پارێزگاری کەرکوک پەیوەندی بە سوپاسالاری عێراقەوە کردووە و ناڕەزایەتی خۆی دەربڕیوە، بۆیە سوپاسالاری عێراق بەڵێنیداوە، لیژنەی لیکۆڵینەوە سەربازیی لەسەر ئەو سەربازە پێکبهێنێت و سزای بدات.

هەر لەسەر ئەو بابەتە، مازن غەریب نوێنەری کەرکوک لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە 964ـی وت، “ئەو سەربازە رفتارێکی ناشرینی ئەنجامداوە و دڵنیام بە سزای خۆی دەگات”.

باسی لەوەشکرد، ئەوە رفتارێکی تاکەکەسییە و تەعبیر لە هەموو سوپا ناکات و فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەکانی کەرکوک لێی بێ ئاگایە.

پێداچوونەوە؛ شۆڕش قادری