لۆگۆی رێکخراوی نەتەوە یەکگرتووەکان
"زیندانیانی داعش رادەستی عێراق مەکەن"
نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ سووریا: مافی کوردان بپارێزن
964+
وریا فەتاح
دوای هەولێکی زۆر و ناردنی سەدان پێشیلکاری بۆ نەتەوەیەکگرتوەکان لە رێگای راپۆرتی تایبەوە، نەتەوەیەکگرتووەکان هاتە دەنگ و داوا لە حکومەتى سوریا دەکات، مافى کوردان بپارێزن.
کۆمەڵێک لە شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەمڕۆ پێنجشەممە (29ی کانوونی دووەمی 2026)، داوای راگرتنی هەمیشەیی شەڕ و پاراستنی مافی کوردانیان لە باکوور و رۆژهەڵاتی سووریا (رۆژئاوا) کرد، هاوکات هۆشدارییان لە رادەستکردنی بەکۆمەڵی زیندانیانی داعش بە عێراق دا.
لە راگەیەندراوێکی فەرمیدا، شارەزایانی نەتەوە یەکگرتووەکان چەند خاڵێکی سەرەکییان خستە روو:
پاراستنی مافی کوردان:
شارەزایان پێشوازییان لە مەرسومێکی سەرۆکایەتی سووریا کرد بۆ ناساندنی مافە کولتووری، زمانەوانی و هاووڵاتیبوونەکانی کورد لە سووریا، داوایان کرد ئەم بڕیارە بەکردەیی جێبەجێ بکرێت و مافی پێکهاتەکان لە ناوچە کوردییەکان بپارێزرێت.
تێکەڵکردنی هەسەدە:
لە کاتێکدا سوپای سووریا بەشێکی زۆری ئەو ناوچانەی کۆنترۆڵ کردووەتەوە کە پێشتر لای هێزەکانی سووریای دیموکرات (هەسەدە) بوون، شارەزایان ئاماژەیان بەوە کرد کە دانوستانەکان بۆ تێکەڵکردنی شەڕڤانانی هەسەدە و ئیدارەی خۆسەر لە ناو دامەزراوە نیشتمانییەکانی سووریادا بەردەوامە.
هۆشداری لە رادەستکردنی زیندانیان بە عێراق:
نەتەوە یەکگرتووەکان نیگەرانیی قووڵی خۆی دەربڕی بەرامبەر ئەو هەواڵانەی باس لەوە دەکەن “ئەمریکا دەستی کردووە بە گواستنەوەی حەوت هەزار زیندانیی داعش بۆ عێراق”. شارەزایان دەڵێن، ئەم کارە پێشێلکردنی یاسا نێودەوڵەتییەکانە، چونکە لە عێراق مەترسیی ئەشکەنجەدان، دادگایی نادادپەروەرانە و سزای لەسێدارەدانیان لەسەرە.
تاوانەکان و لێپرسینەوە:
راگەیەندراوەکە سەرکۆنەی ئەو تاوانانەی کردووە کە لەم دواییانەدا لە ناوچەکە روویانداوە، لەوانە: کوشتنی دەرەبەستی مەدەنییەکان، ئەشکەنجەدان و بێڕێزیکردن بە تەرم و گۆڕستانەکان. داوا لە دەسەڵاتدارانی سووریا کراوە لێکۆڵینەوە بکەن و ئەنجامدەرانی سزا بدەن.
چارەنووسی ژنان و منداڵان:
شارەزایان داوایان کرد کۆتایی بە دەستبەسەرکردنی بەکۆمەڵی خێزانەکانی داعش بهێنرێت کە زۆربەیان ژن و منداڵن و شەش ساڵە بێ بنەمای یاسایی لە کەمپەکاندان، داواش لە وڵاتانی جیهان کرا هاووڵاتییە بیانییەکانی خۆیان لەو کەمپانە وەربگرنەوە.