دهۆک.. لە ١٠ مانگدا ٢٠٠ کەس لەسەر خراپ بەکارهێنانی مۆبایل دەستگیرکران
بەراورد بە پارساڵ دوو هێندە زیادی کردووە
میدیازان – هیڤی دێوالی
لە دهۆک، تاوانه‌كانی خراپ به‌كارهێنانی تۆڕه كۆمه‌ڵایه‌تییه‌كان رووی لە زیادی کردووە، پارێزەرێکیش دەڵێ بەراورد بە ساڵی رابردوو دوو هێندە بووە.
عه‌لی ره‌سوڵ، پارێزه‌ر له دادگای دهۆك به میدیازانی گوت، بەپێی ئامارەکانی لەناو دادگای دهۆک دەستم کەوتووە لە ١٠ مانگی یەکەمی ئەمساڵدا زیاتر لە ٢٠٠ کەس لە دهۆک لەسەر خراپ بەکارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن دەستگیر کراون.
میدیازان دەزانێت، ساڵی رابردوو ١١٣ کەس لە دهۆک لەسەر خراپ بەکارهێنانی ئامێرەکانی پەیوەندی دەستگیر کرا بوون و، پەڕاوی لێکۆڵینەوەیان لە دادگا بۆ کرابووەوە.
یاسای ژمارە شەشی پەرلەمانی کوردستان کە ساڵی ٢٠٠٨ دەرچووە، تایبەتە بە چۆنیەتی مامەڵەکردن لەگەڵ خراپ به‌كارهێنانی ئامێره‌كانی په‌یوه‌ندیكردن له هه‌رێمی كوردستان.
بەپێی یاسایەکە هەرکەسێک ئامێرەکانی پەیوەندی خراپ بەکار بهێنێت و، کەسی بەرانبەر لەسەر ئەو بابەتە سکاڵا تۆمار بکات، ئەوا ئەو کەسە وەک تاوانخراوە پاڵێک دەستگیر دەکرێت و، سزای دارایی و زیندانی دەدرێت.
عه‌لی ره‌سوڵ، ئاماژه‌ی به‌وه دا کە زۆرترین سکاڵا لەسەر خراپ بەکارهێنانی ئامیرەکانی پەیوەندی کە تۆمار کرا بن له‌لایه‌ن هاوسهرهكانهوهیە لە دژی یەکتری.
قسەی ئەو پارێزەرە لە کاتێکدایە سێ رۆژ له‌مه‌وبه‌ر، لە كۆمه‌ڵگه‌ی چڕه‌ی سه‌ر به پارێزگای دهۆك، به هۆی كێشه‌یه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی کە هۆکارەکەی بۆ خراپ به‌كارهێنانی ته‌له‌فۆن دەگەڕایەوە، گه‌نجێكی ته‌مه‌ن 24 ساڵان به ناوی محه‌مه‌د مو‌سا محه‌مه‌د كوژرا.