وەبەرهێنەرانی كوردستان 700 ملیۆن دینار دەبەخشنە رۆژئاوای كوردستان
ئەمە قۆناغی یەكەمە
وەبەرهێنەران 700 ملیۆن دیناریان بۆ رۆژئاوا كۆكردەوە
ئەرسەلان عەبدوڵا
ئەو كۆمەكە داراییەی وەبەرهێنەرانی كوردستان لە رێگەی دەستەی وەبەرهێنانەوە كۆیانكردووەتەوە بۆ هاوكاری كوردانی رۆژئاوای كوردستان، بڕەكەی 700 ملیۆن دینارە، ئەمەش وەك قۆناغی یەكەمە.
سەبارەت بە كۆكردنەوەی هاوكارییەكە و گەیاندنی بە رۆژئاوا، ئێوارەی ئەمڕۆ كۆبوونەوەیەك لە دەستەی وەبەرهێنان بە ئامادەبوونی سەرۆكی دەستەكە محەمەد شوكری و پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو، هەروەها سەرۆك و جێگرانی یەكێتیی وەبەرهێنەران و نوێنەرانی دەزگای خێرخوازی بارزانی بەڕێوەچوو، هەروەك راگەیاندراوی پارێزگای هەولێر ئاماژەی پێداوە.
هەروەها هاتووە: لە كۆبوونەوەكەدا ئاماژە بەوە كراوە، ئەو 700 ملیۆن دینارە وەك قۆناغی یەكەمی هەڵمەتی كۆمەكی وەبەرهێنەرانە و لە رۆژانی داهاتوو بڕێكی دیكەی هاوكاری كۆدەكرێتەوە و لە رێگەی دەزگەی خێرخوازی بارزانییەوە دەگەیەندرێتە رۆژئاوا و بەسەر هاوڵاتیانی ئەوێ دابەش دەكرێت.